سه‌روه‌ر پێنجوێنی
ئه‌و تێڕوانینه
نوێیه بۆ چه‌مكی (جیهاد)، به‌و شێوه‌یه پێشنیار ناكرێت كه ئه‌مه نوێكردنه‌وه‌ی
بیری ئیسلامیه به سودبینین له ده‌سكه‌وته‌كانی بیری نوێی جیهانیی مرۆڤ، به‌ڵكو
لافی ئه‌وه لێ ده‌درێت كه ئیسلام هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه وه‌ها بوه و
گوایه ده‌قه ئیسلامیه‌كان پشتگیریی ئه‌و تێڕوانینه ده‌كه‌ن و ئیسلام (سه‌پاندنی
ئایین) و (جه‌نگی پیرۆز) ی نه‌ناسیوه و یاسای دانه‌ناوه بۆ سه‌پاندنی ئایین و ده‌سه‌ڵاتی
ئایینی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا و بنه‌مای (جیهاد) ی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایین دانه‌ناوه..
هه‌روه‌ها لافی ئه‌وه لێ ده‌درێت كه هه‌ڵمه‌تی (فتوحات) و داگیركاریی عه‌ره‌بی ـ
ئیسلامی به ئامانجی بڵاوكردنه‌وه و سه‌پاندنی ئیسلام نه‌بوه و گوایه هه‌رچی جه‌نگی
ئیسلامی هه‌بوه؛ هه‌موی به‌رگری بوه و پاراستنی نیشتمانی ئیسلامی بوه له ده‌ستدرێژیی
دوژمنان.. به‌ڵكو هه‌ندێكیان تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ش بێشه‌رم ده‌بن كه ده‌ڵێن هه‌ڵمه‌تی
(فتوحات) بۆ ڕزگاركردنی گه‌لانی ژێرده‌سته و سته‌ملێكراو بوه!! به‌كورتی:
پێشنیاركردنی ئه‌و تێڕوانینه نوێیه بۆ (جیهاد) و جه‌نگ و (فتوحات) له ئیسلامدا
بۆ ئه‌و ئامانجه‌یه كه ئیسلام وه‌كو (ئایین) و وه‌كو (مێژو) بێبه‌ری بكه‌ن له
سه‌پاندنی ئایین به زه‌بری چه‌ك و هێزی سه‌ربازی.. یانی گوایه نه له ده‌قه‌كاندا
ئه‌و سه‌پاندنه بنچینه‌ی هه‌یه، نه له مێژوی ئیسلامی‌دا كراوه.
واته دان به‌وه‌دا
نانێن كه ئیسلام له ئه‌زمونی یه‌كه‌می بڵاوبونه‌وه‌یدا ئه‌و شێوازه‌ی به‌كار
هێناوه (بۆ ئه‌مه‌ش گه‌لێك له ده‌قه‌كان په‌رده‌پۆش ده‌كه‌ن و گه‌لێكی تریش به
بارێكی مه‌به‌ستدا ئاڕاسته ده‌كه‌ن) و نكولی له‌وه‌ش ده‌كه‌ن له مێژوی بڵاوبونه‌وه
و فتوحاتی ئیسلامی‌دا زۆر له خه‌ڵك كرابێت له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتاردا ببنه
موسوڵمان (بۆ ئه‌مه‌ش گه‌لێك له دیمه‌نه‌كان و هه‌واڵه‌كانی مێژوی ئیسلامی په‌رده‌پۆش
ده‌كه‌ن و نكولییان لێ ده‌كه‌ن و به بیانوی ههمهجۆر ڕه‌تیان ده‌كه‌نه‌وه و
سودیش ده‌بینن له بێئاگایی خه‌ڵك له ورده‌كاریه‌كانی ئه‌و مێژوه).. و ئه‌گه‌ر
كه‌سێك باسی ئه‌و لایه‌نه‌ی بیری ئایینیی ئیسلامی بكات و ده‌قه‌كان یاد بخاته‌وه؛
به تۆمه‌تی تێنه‌گه‌شتن له ئیسلام و نه‌شاره‌زایی قسه‌كانی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه،
یان چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له مێژوی داگیركاریی عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی (فتوحات) هه‌ڵبداته‌وه؛
ئه‌وه به قسه‌ی بێبه‌ڵگه و به نه‌شاره‌زایی له مێژوی ئیسلامی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
بۆیه ئامانجی ئه‌م وتاره ئه‌وه‌یه: چمكێك له ئه‌ده‌بیاتی (جیهاد) ی ئیسلامی و
"فهضائیل" ی تیرهاویشتن (الرمي) و (شمشێر) و (ڕم) بخه‌ینه‌وه یاد، و
به‌پێی سه‌رچاوه ئیسلامیه ڕه‌سه‌نه‌كان بیسه‌لمێنین كه (جیهاد) له ئیسلامدا له
بنه‌ڕه‌تدا جیهادی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئیسلامه له ڕێگه‌ی كوشتار و داگیركاری و
تاڵانكاریهوه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ناچار ببن موسوڵمان ببن (موسوڵمانیش نه‌بون؛
باشتر! قازانجی ماددیی زیاتر!)، و (جیهاد) به‌رگری نیه له بنه‌ڕه‌تدا به‌ڵكو
هێرش و ده‌ستپێشخه‌ریه، و زبربون و زۆرهێنان بۆ خه‌ڵكی ناموسوڵمان بنه‌مایه‌كه
له خودی قورئاندا، و ئاماده‌كردنی هێز و چه‌ك بۆ تۆقاندنی دوژمنی ئایینی (عدو
الله)؛ ئه‌ركێكی سه‌ر شانی موسوڵمانه به‌پێی خودی قورئان.. به‌ڵكو ده‌یسه‌لمێنین
كه خودی (غه‌زو) كه بریتیه له (داگیركردن و تاڵانكردن)؛ "فهضيلهت"
ێكه له ئیسلامدا، و له مێژوی ئیسلامییشدا كۆڵه‌كه‌یه‌كی ئابوری و هۆكارێكی ده‌وڵه‌مه‌ندبون
و تێرخواردنی موسوڵمان بوه (كه ئه‌و شێوازه ژیانه‌ش مێژویه‌كی چه‌ند هه‌زار
ساڵه‌ی له بیابانی گه‌وره و بیابانی عه‌ره‌بیدا هه‌یه).. و جارێكی تریش ئه‌وه
بیر ده‌خه‌ینه‌وه كه دروشمی هه‌مو هێزه چه‌كداره ئیسلامیه‌كان بریتی بوه له
(یان موسوڵمان بون، [یان سه‌رانه‌دان]، یان كوشتار).. ئه‌مه وه‌كو ده‌ق و ئه‌ده‌بیات
كه هه‌ر مێژو به‌رهه‌می ده‌هێنێت، وه‌كو لایه‌نی هه‌واڵه مێژوییهكانیش؛ له بابه‌تێکی سه‌ربه‌خۆدا چمكێك له مێژوی داگیركاری و (فتوحات) ی ئیسلامی ـ به‌تایبه‌تی
له كوردستاندا ـ باس ده‌كه‌ین، و ده‌یسه‌لمێنین كه له‌سه‌ر خاكی كوردستانیش
سوپای ئیسلام له‌گه‌ڵ جه‌نگاوه‌ری كورد شه‌ڕی كردوه و مرۆڤی كوردی به بیانوی
ئیسلام كوشتوه.
ئایا جیهاد له
ئیسلامدا ته‌نها به‌رگریه یان هێرشیشه؟
لێرەوە تیشك ده‌خه‌ینه
سه‌ر بنه‌مای (جیهاد) له ئیسلامدا، و ڕونی ده‌كه‌ینه‌وه كه جیهاد بنه‌مایه‌كی
بنه‌ڕه‌تیی ئیسلامه و بریتیه له (جه‌نگان له پێناوی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئیسلامدا)،
و جیهاد ته‌نها جه‌نگێكی یاسایی نیه بۆ به‌رگری له نیشتمان و هێرش و ده‌ستدرێژیی
دوژمنان به‌ڵكو هێرشكردنه سه‌ر خه‌ڵكی ناموسوڵمانیشه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی
ئیسلامی‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێت و سه‌رانه و باج بده‌ن به ده‌وڵه‌تی ئیسلامی
و ناچاریش ببن موسوڵمان ببن یان ناچار ببن باج بده‌ن و ملكه‌چیی خۆیان بۆ ده‌سه‌ڵاتی
ئیسلامی ده‌رببڕن یان ئیتر شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و شه‌ڕكه‌ر (پیاو) یان ده‌كوژرێت
و ژن و منداڵیان ده‌بنه كۆیله و ماڵ‌وسامانیان به تاڵانی ده‌برێن.
جیهاد چیه؟
ڕاسته جیهاد له بنه‌ڕه‌تدا
واتایه‌كی گشتیی هه‌یه كه بریتیه له هه‌وڵدانی زۆر بۆ بڵاوكردنه‌وه و سه‌رخستنی
ئیسلام.. و وشه‌ی (جِهاد) یش، هه‌روه‌كو (مُجاهَدة)، ده‌قاوده‌ق چاوگی فرمانی
(جاهَدَ) یه كه له بنه‌ڕه‌تدا یانی: زۆری بۆ به‌رامبه‌ر هێنا و زۆر هه‌وڵی دا
بۆ ئه‌وه‌ی ناچاری هه‌ڵوێستێكی بكات.. به‌ڵام زاراوه‌ی (جیهاد) وه‌كو زاراوه‌یه‌كی
ئیسلامی و شه‌رعی؛ فه‌قیهـ و زانا ئایینیه‌كانی ئیسلام له ڕابردودا به‌وه پێناسه‌یان
كردوه كه بریتیه: سهرفركردنی توانا و كۆششكردنی زۆر به جه‌نگان و شه‌ڕكردن له
پێناوی خوادا (یانی له به‌رژه‌وه‌ندیی ئایینی ئیسلام) كه له‌م جه‌نگان و شه‌ڕكردنه‌دا
ئاماده‌یی هه‌بێت بۆ به‌خشینی گیان و ماڵوسامان له پێناویدا.. به‌م شێوه‌یه
(جیهاد) له زاراوه‌ی ئیسلامی‌دا به‌رامبه‌ری هه‌مان زاراوه‌ی جه‌نگان (قِتال) و هه‌تاكو
غه‌زا (غَزْو) ده‌بێته‌وه، به شێوه‌یه‌ك جیاوازیی نێوان ئه‌م سێ زاراوه‌یه
جیاوازییه‌كی بێژه‌یی (لفظي) ـه: هه‌رسێكیان ئاماژه بۆ یه‌ك شت ده‌كه‌ن به‌ڵام
به‌و پێیه (جهاد) به‌كار دێت كه كاره‌كه هه‌وڵدان و كۆششكردنه و زۆرهێنانه بۆ
خه‌ڵكی ناموسوڵمان و ناچاركردنیانه به موسوڵمانبون یان ملكه‌چبون بۆ ده‌سه‌ڵاتی
ئیسلامی، به‌و پێیه‌ش پێی ده‌وترێت (قتال) چونكه كاره‌كه به‌زۆری به شه‌ڕ
و جه‌نگان دێته‌جێ و ده‌كرێت، كه ئه‌مه‌یان زاراوه‌یه‌كی ڕاشكاو و زه‌ق و ڕاسته‌وخۆیه.
به‌و پێیه‌ش پێی ده‌وترێت (غزو) چونكه كاتێك هێزه ئیسلامیه‌كه ده‌دات به‌سه‌ر
كۆمه‌ڵه ناموسوڵمانهكهدا؛ ئه‌وه ده‌بێته داگیركردنی شوێنه‌كه‌یان و
تاڵانكردنی ژنومنداڵ و ماڵ‌وسامانیان، كه ئه‌م داگیركردن و تاڵانكردنهش به عه‌ره‌بی
پێی ده‌وترێت (غزو).. هه‌ر بۆیه له زاراوه‌ی ئیسلامیی ڕه‌سه‌ندا و له ده‌قه
ئیسلامیه‌كان (قورئان و حه‌ديث) دا (جهاد) و (مجاهد) له‌گه‌ڵ (قتال) و (مقاتل) له‌گه‌ڵ
(غزو) و (غازي) به هه‌مان واتا و له‌جێی یه‌كتر به‌كار دێن.. ڕاسته هه‌ر له
قورئاندا وشه‌كه به واتا زمانیه سادهكهیشی به‌كار دێت كه بریتیه له (هه‌وڵدانی
زۆر له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ر بۆ ئامانجێك) وه‌كو (وجاهدهم به جهادا كبيرا) (الفرقان:
٥٢)، یان (زۆرهێنان بۆ به‌رامبه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ناچاری ئامانجێك ببێت) وه‌كو (جاهد
الكفار والمنافقين..) (التوبة: ٧٣).. به‌ڵام ئه‌مه واتا زمانیهكهیه، كه
قورئان و ده‌قه ئیسلامیه‌كانی تر وشه‌كه‌یان هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م واتایه‌وه
به مانای (جه‌نگان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئیسلام) به‌كار هێناوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی
ناچار ببێت وشه‌ی (قتال) به‌كار بهێنێت.
به شێوه‌یه‌ك وه‌كو زاراوه‌یه‌كی شه‌رعی
زاراوه‌ی (جیهاد) له‌گه‌ڵ (قتال) هاوواتا بوه چونكه به‌و ئامانجه له ده‌قه‌كاندا
به‌كار هاتوه، ئیتر كاتێك له ئیسلامدا وشه‌ی (جیهاد) به‌ڕه‌هایی (على الإطلاق)
به‌كار دێت؛ مه‌به‌ست هه‌ر ئه‌وه‌یه كه به (قتال) یش ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت. به‌تایبه‌تی
كاتێك له ده‌قه‌كاندا ده‌وترێت (جاهدوا فی سبیل الله) یان (الجهاد فی سبیل الله)
و ئینجا ده‌شوترێت (بالأموال والأنفس)؛ ئیتر ئه‌وه نیشانه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه
مه‌به‌ست هه‌مان (قتال) ـه.. به شێوه‌یه‌ك جاری وا هه‌یه ده‌قه‌كه له جێگه‌یه‌ك
وشه‌ی (جهاد) به‌كار ده‌هێنێت و له جێگه‌ی تر و بۆ هه‌مان چوارچێوه و مه‌به‌ست
وشه‌ی (قتال) و (غزو) به‌كار ده‌هێنێت..
به‌ڵام لای ئه‌و
ئیسلامیانه‌ی كه له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی (ئیخوان موسلیمین) په‌روه‌رده بون و نایانه‌وێت
حه‌قیقه‌تی جیهاد له ئیسلامدا ڕون ببێته‌وه؛ كاتێك باسی (جیهاد) بكرێت و به (شه‌ڕكردن
له پێناوی ئیسلامدا) پێناسه بكرێت؛ ئه‌وه به هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره داده‌نێن و
ده‌ڵێن ئه‌وه (قیتال) ـه نه‌ك جیهاد! ئینجا ده‌قێكی قورئان ده‌هێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی
بڵێن جیهاد جیهادی فیكر و بانگه‌واز و قه‌ڵه‌مه، ئه‌وه‌ش ئه‌و ده‌قه‌یه كه ده‌ڵێت:
(وجاهدهم به جهادا كبيرا) (الفرقان: ٥٢)، و ده‌ڵێن ئه‌م ئایه‌ته له مه‌ككه
هاتوه و باسی ئه‌وه ده‌كات كه به قورئان جیهاد ده‌كرێت (ئیتر زۆر جار هه‌ر
باسی جیهاد بكرێت؛ هه‌ر ئه‌و ته‌نها ده‌قه ده‌هێننه‌وه!! بۆ ئه‌وه‌ی مانای
زاراوه‌ی جیهاد بگۆڕن و له ماناكانی "شه‌ڕ" و "غه‌زو" دوری
بخه‌نه‌وه).. ئه‌وه‌ش چونكه زۆربه‌ی موفه‌سسیره‌كان ده‌سته‌واژه‌ی (بِهِ) یان له
ده‌قه‌كه‌دا به (به قورئان) ڕاڤه كردوه، هه‌رچه‌ند هه‌ندێكیشیان به (به حه‌ق)
و (به ئیسلام) یش ڕاڤه‌یان كردوه.. به‌بێ ئه‌وه‌ی له خودی ده‌قه‌كه‌وه هیچ یه‌كێك
له‌و ئه‌گه‌رانه ڕاسته‌وخۆ بفامرێته‌وه.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی نابێت خۆی لێ بێ‌ئاگا
بكرێت ئه‌وه‌یه وشه‌ی (جهاد) له‌و ده‌قه‌دا ته‌نها به واتایه‌كی زمانیی ساده به‌كار
هاتوه كه بریتیه له (هه‌وڵدانی زۆر له‌گه‌ڵ كه‌سێك یان كه‌سانێك بۆ ئامانجێك)
و ئه‌و زاراوه‌ی (جیهاد) ه نیه كه ئێمه باسی لێ ده‌كه‌ین.
له ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا، ته‌نها زاراوه‌ی (جیهاد) و
(قیتال) و (غه‌زو) نیه كه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت، به‌ڵكو وشه و ده‌سته‌واژه‌ی
تریش هه‌ن، وه‌كو "ئاماده‌كردنی هێز" (إعداد القوة)، كه ده‌ڵێت:
(وأعدوا له‌م ما استطعتم من قوة ومن رباط الخيل ترهبون به عدو الله وعدوكم...)
(الأنفال: ٦٠). لێره‌دا سێ ده‌سته‌واژه زیاتر سه‌رنجمان ڕاده‌كێشێت: ده‌سته‌واژه‌ی
"هێز" (قوة)، كه له (حه‌ديث) ی پێغه‌مبه‌ردا ڕون كراوه‌ته‌وه كه به‌تایبه‌تی
مه‌به‌ست تیر و ڕم هاویشتنه (ألا إن القوة: الرَّمْي ) (موسلیم و ئیبن ماجه و گه‌لێكی تر)، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و هۆكاره
له جه‌نگی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆر به‌كار بوه بۆیه زیاتر ئه‌وه دوپات كراوه‌ته‌وه.
ئیتر له ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا به بایه‌خه‌وه ئاماژه بۆ ڕم (رمح) و شمشێر
(سیف) ده‌كرێت. له‌گه‌ڵ
(رباط الخيل) كه بریتیه له وڵاخی ڕاگیراو بۆ جیهاد و غه‌زو. له‌گه‌ڵ
چه‌مكی تۆقاندن (إرهاب)، كه هه‌ندێك ده‌قی فه‌رموده‌ش دوپاتی ده‌كه‌نه‌وه، وه‌كو
(نُصِرْتُ بالرُّعْب مسيرة َ شهر) (بوخاری و ئیبن حیببان و نه‌سائی و ئه‌حمه‌د..)، واته: (به‌وه
یارمه‌تی دراوم كه دوژمنم له دوریی مانگهڕێیهكهوه لێم ده‌تۆقێت) .
جۆره‌كانی جیهاد
له ئه‌ده‌بیاتی
ئیسلامیی كۆن و نوێ‌دا، جیهاد دابه‌ش كراوه بۆ چه‌ند به‌ش و جۆرێك، ئه‌وه‌ش به‌پێی
ده‌سته‌واژه‌ی ده‌قه‌كان.. بۆ نمونه: قورئان زۆر جار ئاماژه ده‌كات بۆ جیهاد (به
خود و به ماڵوسامان)، لێره‌وه جیهاد دابه‌ش كراوه بۆ (جیهاد به خود) واته به
گیان، كه ئه‌مه بریتیه له ئاماده‌بونی جه‌نگ و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی دوژمنی
ناموسوڵمان، له‌گه‌ڵ (جیهاد به ماڵوسامان) كه بریتیه له به‌شداریكردن به ماڵوسامان
له كاروباری جیهاددا. هه‌روه‌ها فه‌رموده‌یه‌كیش ده‌ڵێت (جاهدوا المشركين
بأموالكم وأنفسكم ألسنتكم) (ئیبن ماجه)، لێره‌وه (جیهاد به زمان و قسه) یش
زیاد كراوه، كه ئه‌مه‌یان وا بیری لێ كراوه‌ته‌وه كه به‌تایبه‌تی مه‌به‌ست
جیهاده له‌گه‌ڵ (دوڕوهكان) و ئه‌وانه‌ی سته‌م ده‌كه‌ن یان بیدعه‌ی ئایینی بره‌و
پێ ده‌ده‌ن.. هه‌روه‌ها فه‌رموده‌یه‌ك هه‌یه ده‌ڵێت: (المجاهد من جاهد نفسه في
طاعة الله ، والمهاجر من هجر ما نهى الله عنه) (ئه‌حمه‌د و ئیبن حیببان و حاكیم)،
به‌پێی ئه‌مه به‌شێكیش جیا كراوه‌ته‌وه به ناوی (جیهاد له‌گه‌ڵ خود) واته هه‌وڵدانی
زۆر له‌گه‌ڵ خود و ناچاركردنی به ملكه‌چیی به‌رده‌وام بۆ ڕێنماییه‌كانی ئایین.
به‌پێی فه‌رموده‌یه‌كی تریش كه ده‌ڵێت (أفضل الجهاد كلمة عدل عند ذي سلطان جائر)
(ئه‌بو داوود و تیرميذی و نه‌سائی)؛ وتنی وشه‌ی حه‌ق لای ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مكاریش
جیهاده.. به‌م شێوه‌یه وشه‌كه له ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا واتا و نمونه‌ی
جۆراوجۆری له خۆ گرتوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زاڵه به‌سه‌ر ده‌قه‌كاندا و له زاراوه‌ی
ئیسلامی‌دا جێگیر بوه هه‌ر ئه‌وه‌یه كه جیهاد جه‌نگانه له‌پێناوی بڵاوبونه‌وه‌ی
ئیسلام و چه‌سپانی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی و شه‌ڕكردنه له‌گه‌ڵ ناموسوڵمان بۆ ئه‌وه‌ی
موسوڵمان ببێت یان ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی ببێت. و ئه‌مه واتای ڕاسته‌وخۆ و
زاڵی زاراوهكهیه. به‌پێی ئه‌م زاراوه و واتایه؛ جیهاد دو جۆری سه‌ره‌كیی هه‌یه:
جیهادی هێرشی ده‌ستپێشخه‌رانه، و جیهادی به‌رگری.. ئه‌م دابه‌شكردنه‌ش له سه‌رجه‌می
ده‌قه‌كان و ئه‌زمونی جێبه‌جێكردنی بنه‌مای جیهاد و مێژوی (غه‌زه‌وات) و (فوتوحات)
ی ئیسلامیی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر و خه‌لیفه‌كانی وه‌رده‌گیرێت. پێویسته لێره‌دا
تیشك بخه‌ینه سه‌ر ئه‌و دو جۆره‌ی جیهاد چونكه ئه‌و ئیسلامیانه‌ی باوه‌ڕیان به
كاری ئیسلامیی چه‌كدارانه نیه.