سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

داعش و ئیسلام؛ چ جۆرە پەیوەندییەک(بەشی یەکەم)

30/07/2019


سه‌روه‌ر پێنجوێنی  

    

داعش و جێبەجێکردنی ئیسلام   
بە بڕوای من؛ ئەم بابەتە دو ئاست و چینی هەیە، کە دەبێت جیا بکرێنەوە ئەگەرنا خراپ‌حاڵی‌بون دەخولقێنێت .  یەکەمیان: ئەوەی دەزانین کە کار و کردەوەی داعش و ئەوەی داعش جێبەجێی دەکات؛ بەگشتی و ئەگەر ڕواڵەتەکەی وەربگرین و هەندێک کردەوەی لاوەکی ("هەڵە و پەڵە"کانیان، بە گوزارشی ئیسلامیەکان!) و باکگراوند و پاڵنەری سیاسی پشت‌گوێ بخەین؛ هەر بریتیە لە ئەحکامی شەریعەتی ئیسلامی (جیهاد: کوشتاری فرەپەرست هەتا موسوڵمان دەبێت، کوشتاری ئەهلی کیتاب هەتا موسوڵمان دەبێت یان سەرانە دەدات، کوشتنی موڕتەدد، ڕەجمی زیناکەری موحصەن..) کە ئەمانە جێی یەکدەنگیی موسوڵمانان بون و دەقی قورئان و حەدیثیان لەسەرە.. داعش لەو حوکمانەدا گەڕانەوەی تەواوی هەیە بۆ ئیسلام، و ئەگەر ئیسلام لەم سەردەمەدا دەقاودەق جێبەجێ بکرێت؛ هەر شتێکی وەکو ئەوەی داعشی لێ دەردەچێت، و ئەوەی ئێستە داعش ئەنجامی دەدات لە چەوساندنەوە و قەتڵ‌وعامی کەمایەتیە ئایینیەکان؛ مێژوی جیهادی ئیسلامی و "فتوحات" بیر دەخاتەوە و دەبێتە درێژەیەکی ئەو مێژوە. و هەمو کاتێک پرۆژەی ئیسلامی توانای خولقاندنی ئەو کارەساتانەی هەیە، و داعشیش یەکەم نمونە نیە. و ئەگەر ئیسلام ـ و دەقەکانی ئیسلام ـ ئەو بنەما توندوتیژانەی تێدا نەبونایە؛ گروپێکی وەکو داعشیش بیانوی ئایینیی نەدەبو بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی. و کاتێک لەم لایەنەوە داعش لەگەڵ ئەو لایەنە ئیسلامیانە بەراورد دەکەین کە بنەماکانی جیهاد و یاسا و سزا ئیسلامیەکان جێبەجێ ناکەن یان هەڵیان‌پەساردون بۆ قۆناغێکی تر یان ناتوانن جێبەجێیان بکەن و دەسەڵاتیان نیە یان هەر باوەڕیان بە جێبەجێ‌کردنی جیهاد بەو شێوەیەی گروپە جیهادیەکان نیە؛ ئەو کاتە گروپە جیهادیەکانی وەکو داعش نزیکتر دیارن لە ئیسلام (ئیسلامی تەقلیدی، ئیسلامی دەق و گێڕانەوەکان) و دەقە ئیسلامیەکان و مێژوی ئیسلامەوە، ئەگەرچی گروپی وەکو داعش لە چوارچێوەی ڕێبازێکی تایبەتی و لەگەڵ کۆمەڵێک هەڵ‌بژاردن و بیروڕای توندتردا ئەو بنەما ئیسلامیانە جێبەجێ دەکەن. ئەمە ڕاستییەکە نابێت خۆمانی لێ بێ‌ئاگا بکەین.  

دوەمیان: ئەوەی ئەم جێبەجێ‌کردنەی ئیسلام بکەین بە پێناسە بۆ ماهییەت و ئامانج و باکگراوندی داعش؛ ئەمەیان بەلای منەوە هەڵەیە. ئەوە ئەو وێنەیەیە کە داعش دەیەوێت بۆ خۆیی دروست بکات، نابێت ئێمە بەو وێنەیە فریو بخۆین. ئەوە ئەو پێناسەیەیە کە داعش دەیەوێت بۆ خۆیی دروست بکات، نابێت ئێمە پێناسەی خۆیان بۆ ئەوان دوبارە بکەینەوە (وەکو چۆن هەندێک لە ناوەندەکانی میدیای کوردی پرۆپاگەنداکانیشیان بڵاو دەکەنەوە!). داعش لای هەموان ئاشکرایە کە هێزێکی مەزهەبی (سوننی) ـە و ئەجێندای مەزهەبیی خۆی لە ناوچەکەدا هەیە و دوژمنی یەکەمی شیعەیە ئینجا ئەوانی تر، و ئەجێندا عەرەبی-سوننیەکە دەیجوڵێنێت (سەرباری هەندێک ئەجێندای لاوەکی و ناوچەیی: وەکو یەکتربڕینی بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندیی عەرەب-سوننە و بەرژەوەندیی تورکیای ئەردۆغان، کە لە هەوڵی لەناوبردنی سەربەخۆیی کورد و زەوتکردنی ناوچەگەلێکی کوردستاندا بەرجەستە دەبێت)، و بارستە سوننیەکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (سعودیە، قەطەر، کوەیت، تورکیا..) ی لەپشتە کە دەمێکە نەخشە دەکێشن بۆ بەرگرتن لە پرۆژە ئێرانی-شیعیەکە لە ناوچەکەدا و داعش تاکە دەرکەوتەی ئەو ئەجێندایە نیە بەڵکو بەرهەمێکی کێشەی سوریایە ـ کە بوەتە تیشکۆی کێشمەکێشە شیعی-سوننیەکەی ناوچەکە ـ و دەشتوانێت گەلێک ڕوداوی گەورەی تری ناوچەکە لێک‌بداتەوە. ئەمە ئەجێندا و ئامانج و فرمان و ماهییەتە ڕاستەقینەکەی داعشە نەک جێبەجێ‌کردنی شەریعەتی ئیسلام.. دەبێت بەم شێوەیە پێناسەی داعش بکەین نەک بە "ئیسلامی ڕاستەقینە" پێناسەیان بۆ بکەین. ئیتر جێبەجێ‌کردنی شەریعەت و ئایدیۆلۆجیای (تەوحید) و میکانیزمی (جیهاد) و ئەو هەمو کردەوە دڕندە ئاسایەی لەو پێناوەدا داعش دەستیان بۆ دەبات؛ ئەمانە بەرگ و دیباجە و ناونیشان و پاساون بۆ ئامانجەکەیان کە ئامانجێکی مەزهەبی-سیاسیە، کە ئیتر بۆ دروست‌کردنی ئەو قەوارە مەزهەبیە.

 

"یەکتاپەرستی" دەکرێتە ئایدیۆلۆجیا و "جیهاد" دەکرێتە میکانیزمی هێرش و بڵاوبونەوە و فراوان‌کردنی دەسەڵات، و جێبەجێ‌کردنی حوکمە شەرعیەکانیش دەبێتە بیانویەک و ئامڕازێک بۆ تۆقاندنی خەڵک و سەپاندنی دەسەڵات بەسەر کۆمەڵگەدا (ئەگەرنا جێبەجێ‌کردنی ئەو حوکمانە لەسەر جادە و هەر پێش بونی دام‌ودەزگایەی ڕاستەقینە؛ جگە لەو مانایە هیچ مانایەکی تری نیە).. بەڵکو ئەمانە (تەوحید و جیهاد و هەڵ‌کردنی ئاڵای یەکتاپەرستنی و ڕاگەیاندنی جیهاد لەناو کۆمەڵگای موسوڵماننشیندا) بەرجەستەکەری وەهمی خۆ‌بەئیسلام‌زانینن کە نەخۆشییەکی هەمیشەییە لە فیکری گروپە سوننی-وەههابیەکاندا، بە شێوەیەک لەناو خودی کۆمەڵگای ئیسلامیدا هەر خۆیان بە "یەکتاپەرست" دەزانن و دەرەوەی خۆیان بە فرەپەرست و ناموسوڵمان دەزانن و ئینجا بنەمای "جیهاد" دەخەنە کار بۆ قەڵاچۆکردنیان ئەگەر بونە دوژمن و دژی سیاسی.. ئیتر بە شێوەیەک خۆیان لێ دەبێت بە خودی "ئیسلام" (الإسلام) کە نەک هەر هەوڵ دەدەن بۆ جێبەجێ‌کردنی دەقاودەقی ئیسلام بەڵکو ڕێک دەکەونە لاسایی‌کردنەوەی مێژوی ئیسلام و دوبارەکردنەوەی ئەزمونە ئیسلامیەکە، هەر لە کۆچ "هیجرە" ەوە هەتاکو "غەزوە" کان و هەتا "فەتح" و هەتا "خیلافەت"! ئیتر هەر خۆیان پێ "ئیسلامی ڕاستەقینە" یە و هەر خۆیان پێ تاکە "کۆمەڵی موسوڵمانان" (جماعة المسلمین) ـە! و دەوڵەتە مەزهەبیەکەیان پێ "دەوڵەتی ئیسلام" ـه! جا ئایا دەکرێت ئێمەش لەگەڵ ئەم وەهمەیاندا لەگەڵیان بڕۆین و بڵێین: "ڕاست دەکەن، ئێوە نوێنەری ئیسلامی ڕاستەقینەن"!؟ دەکرێت کەسێک توشی وەهم و نەخۆشیی خۆبەپاڵەوان‌زانین بوە؛ لەو وەهمەیدا لەگەڵیدا بڕۆین و پێی بڵێین "تۆ ئەوەیت کە خۆت دەڵێیت"!؟      

بۆ ڕونکردنەوەی زیاتر؛ دو خاڵی تر هەن دەبێت سەرنجیان بدەین :  دەوڵەت و خیلافەت هەر بە ناو نیە، داعش کەوتونەتە ئەو وەهمەوە کە مادەم ئەوان "خیلافەت"ـیان دامەزراندوە و "ئیمام" (=خەلیفە) یان داناوە، و دەوڵەتەکەیان ناوی "دەوڵەتی ئیسلام" ـە و ئاڵاکەیان ئاڵای یەکتاپەرستیە و دروشمی ئیسلامی لەسەرە و دیزاینەکەی هەمان ئاڵای (العقاب) ئاڵا ڕەشەکەی پێغەمبەری ئیسلامە و وێنەی مۆرەکەی پێغەمبەر (الله‌~رسول   ~محمد   ) ی لەسەرە؛ ئیتر بۆیان هەیە هەمو ئەو شتانە بکەن کە خیلافەتێک و دەوڵەتێکی ئیسلامی لە ڕابردودا کردونی و هەمان ئەو ماف و لێوەشاوەیی و ئیمتیازانەیان هەبێت! ئیتر گوایە دەبێت هەمو موسوڵمانان بە گوێیان بکەن و پشتگیرییان بکەن و بچنە ژێر ئاڵاکەیانەوە! بەم شێوەیە بە ناونیشان و دروشم و شکڵ خەڵەتاون و دەیانەوێت بەوە خەڵکیش بخەڵەتێنن، لە کاتێکدا "خیلافەت" و "ئیمامەت" هەر بە ناونیشان و دروشم دانامەزرێت، و دەوڵەت هەر بە شکڵ و ناو و ناونیشان نیە. کاتێک دەوڵەتێکی ئیسلامی لە ڕابردودا داوای ملکەچیی لە موسوڵمانان کردوە کە دام‌ودەزگای ڕاستەقینەی دەوڵەتی هەبوە و هەڵ‌بژاردەی ئایینی و زۆرینەی خەڵکیش پشتگیرییان کردوە و ڕەوایەتییان پێ داوە. خۆ ناکرێت هەر کەس ناوی "خەلیفە" و "ئیمام" و "دەوڵەتی ئیسلام" ی لە خۆی نا و ئەم ناونیشانەی هەبو؛ ئیتر هەر بەم ناو و شکڵە گوێڕایەڵی‌کردنی ببێتە ئەرکێکی ئیسلامی، و کارەکانی ڕەوایەتیی ئیسلامییان هەبێت.   

بە لاف‌وگەزافەکانی داعش     
خەڵەتانی جەماوەرێکی ئیسلامیی سوننی (لەبەر هۆکارگەلێکی تر و بە ئامانجی تر کە زانراون) بە لاف‌وگەزافی داعش بە ڕاگەیاندنی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلام و جێبەجێ‌کردنی ئیسلام؛ شتێکە لێی دەگەین و "مەفهوم"ـە لامان، بەڵام نازانم بۆچی بەشی زۆری ناوەندە ڕۆشنبیریە کوردیە عەلمانیەکەش بەو لاف‌وگەزافە خەڵەتاوە!؟ ئایا مەسەلەکە ئەوەیە ئەو ناوەندە ڕۆشنبیریە کوردیەش لەگەڵ ئەو جەماوەرە ئیسلامی-سوننیە لە یەک ئاستدان!؟ یان پرۆپاگەندا داعشیەکە کاری خۆی کردوە و بەرگ و پێناسەکەی خۆی (هاوڕێ لەگەڵ ترس و تۆقاندنەکەی) خستوەتە مێشکی زۆرینەی خەڵکەوە!؟ یان خەڵک بەگشتی ـ بە ئیسلامی و عەلمانیەوە ـ لەبەر نەبونی شارەزایی ورد لە ئیسلام؛ سڵ لە بابەتە ئیسلامیەکە دەکەنەوە و کاتێک ڕیشدارێک دەبینن کە ڕیشەکەی درێژترە و توندیە ئایینیەکەی زیاترە؛ ئیتر وا دەزانن لە ئیسلامدا قسە قسەی ئەوە!؟ (من دەزانم تێگەشتنێک لەناو خەڵکدا بڵاوە و کاریگەریی خۆیی هەیە، ئەویش ئەمەیە کە وا دەزانرێت ئەو ئیسلامیەی توندڕەوتر بو و ڕیشەکەی درێژتر بو؛ ئیتر ئەوە لە ئیسلامی ڕاستەقینەوە نزیکترە! کە مەرج نیە وا بێت، ئیسلام کۆمەڵێک بنەمای دیاریکراوە و توندڕەویەکەیشی ئاستێکی دیاریکراوی هەیە، ئیتر مەرج نیە ئەوەی توندڕەوتر بو؛ موسوڵمانتر بێت، وەکو چۆن مەرج نیە ئەو موسوڵمانەی ڕیشەکەی درێژتر بو؛ موسوڵمانتر بێت!).. یان مەسەلەکە ئەوەیە ڕۆشنبیرە عەلمانیەکان بە هەلی دەزانن بارودۆخی هاتنی داعش بەکەڵک بهێنن بۆ ئیحراج‌کردنی ئیسلامیەکانی کوردستان (من زیاتر ئەمەی لێ دەخوێنمەوە)، ئەوەتا بە (داعشەکانی ناوخۆ) ئاماژەیان بۆ دەکەن، و بەڵکو خەریکە زاراوەیەک دروست دەبێت بەو واتایە، ئەویش "جاعش" ـە! کە لە "داعش" و "جاش" ـەوە داڕێژراوە!

 

بەو پێیەی ئیسلامیەکانی کوردستانیش سەر بەوانن.. کە هەرچەند ئیسلامیەکانی کوردستان لەلایەنی ئایدیۆلۆجیاییەوە کەم تا زۆر نزیکییان لەگەڵ گروپێکی وەکو داعش هەبێت؛ هێشتا ئەمە ستەمی تێدایە و بەڵکو بێ‌ئاگاییشە، یان خۆبێئاگاکردنە، لە بارودۆخ و چوارچێوەی دروست‌بون و گەشەکردنی ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا، و بارودۆخ و باکگراوندی دروستبون و گەشەکردنی ڕێکخستنێکی وەکو داعش. و نەبینینی ئەو هەمو جیاوازیەیشە کە هەیە لەنێوان شێوازی کاری ئیسلامیەکان (مەبەستم حیزبە ئیسلامیەکان) ی کوردستان و شێوازی کاری ڕێکخستنێکی وەکو داعش. ڕاستە ئیسلامیەکانی کوردستانیش، بەتایبەتی سەلەفی-جیهادیەکانیان، وەکو کۆمەڵ و بزوتنەوە و مەلاکرێکاریەکان، سۆزێکیان بۆ گروپگەلی وەکو داعش هەیە و وەکو ئەوان ئاواتیانە کۆتایی بە دەست‌ڕۆیشتویی شیعە لە ناوچەکەدا بێت و باڵادەستیی سوننە بچەسپێت و شتێک هەبێت بە ناوی دەسەڵاتی ئیسلام و جێبەجێ‌کردنی شەریعەت بە شێواز و بەرگە سوننی-سەلەفیەکە، و ڕاستە ژمارەیەکی زۆری گەنجی ئیسلامییش لە کوردستان فریویان خواردوە و پەیوەندییان بە داعشەوە کردوە، و بیرکردنەوەی داعش نامۆ نیە بە بیرکردنەوەی جیهادیستە کوردەکان؛ بەڵام هەڵەیە کاتێک لایە نگەلێکی ئیسلامی سیاسی کە باوەڕیان بە کاری حیزبی و کێبەرکێی سیاسی هەیە لە چوارچێوەی سیستەمێکی دیمۆکراتدا، لەگەڵ ڕێکخراوێکی تێرۆریستی وەکو داعش بەراورد بکرێن [هەرچەند هێشتا "کۆمەڵی ئیسلامی" بەتەواوی لەم لایەنەوە ساخ نەبوەتەوە و سەرکردەی وای تێدایە کە ـ بە بیرکردنەوە ـ "جیهادیست" ـە نەک تەنها "ئیسلامیستی سیاسی".

 

لەم لایەنەوە دەبێت کۆمەڵی ئیسلامی خۆی ساخ بکاتەوە]، کە ئەمە شتێکی جیاوازە لە جیهانی فیکریی جیهادیستەکان، کە ئەوان هەمو دام‌ودەزگاکانی سیستەمێکی دیمۆکرات بە بێ‌باوەڕی دەزانن و ڕوخاندنیان بە ئامانجی خۆیان دەزانن. مەبەستەکەم ئەوە بو باکگراوندێکی گرنگی ئەو پێناسەیەی ناوەندە ڕۆشنبیریە کوردیەکە بۆ داعش وەکو ئیسلامی ڕاستەقینە؛ ئەو کێشمەکێشەیە کە لە کوردستان هەیە لەگەڵ ئیسلامیەکان، پێش هاتنی داعشیش. لێرەوە ئیسلامیەکانی کوردستان بەوە ئیحراج دەکرێن کە ئەوانیش هەمان ئامانجی داعشیان هەیە، ئەگەرچی نەتوانن بە شێوازی کاری ئەوان کار بکەن یان نەتوانن بەو ئاشکراییە ڕای بگەیەنن کە چییان دەوێت و ئامانجیان چیە. بەڵام ئەم جیاوازیەش گرنگە: جیاوازیی شێوازی کاریش گرنگە، ئەوەش گرنگە لایەنێکی ئیسلامی ـ ئەگەرچی هەر بە ڕاگەیاندنیش بێت ـ ڕای بگەیەنێت کە باوەڕی بە توندوتیژی نیە بۆ سەپاندنی ئایین و دەسەڵاتی ئایینی، ئەمەش هەر نیشانەیەکی باشە. بۆیە پێویستە ئیسلامیەکان ڕونتر بدوێن و خۆیان ساخ بکەنەوە: ئەگەر هەمان ئامانجی داعشیان هەیە؛ خۆیان ساخ بکەنەوە و ئیتر بەشداری پرۆسە سیاسیەکە نەبن کە بێ گومان ئەو کاتە پێچەوانەیە لەگەڵ بیروباوەڕ و ئامانجی ئەواندا، ئەگەریش وەکو داعش بیر ناکەنەوە؛ ئیتر بەڕونی بیڵێن و سڵ لە داعش نەکەنەوە و سۆزی ئایینی بۆیان نەیانگرێت (و بەرگری لە نیشانە ئیسلامیەکانیشیان کە لە ژێر سایەیاندا خراپەکاری و تێرۆر دەکەن ـ وەکو ڕیش و ئاڵاکەیان ـ نەکەن) و داعش لە خۆیان بە موسوڵمانتر نەزانن و فریوی پرۆپاگەنداکانیان نەخۆن (و خۆیان دڵنیا بکەنەوە کە گروپی وەکو داعش هیچ داهاتویەکیان نیە) و ڕەوایەتیی ئیسلامییان لێ بستێننەوە و بیسەلمێنن کە بەڕاستی "کوردستانی"ـن نەک تەنها بۆ دەسکەوتی کاتی. ئەگەر ئەوە بکەن؛ هەمو ئیحراجییەک لەسەر خۆیان هەڵ‌دەگرن، ئەگەرنا وا دیارە ئەو بارودۆخە بەردەوام دەبێت و زیاتر ناشیرین دەبن و لە داهاتویشدا وەکو "تابوری پێنجەم" حسابیان بۆ دەکرێت .   

بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا ئێستە شەپۆلێک لە ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا هەیە کە بە خۆبێبەری‌کردنی لایەنێکی ئیسلامی سیاسییش لە داعش بێزار دەبێت! پێی خۆشە موسوڵمان هەموی داعش و داعش‌ئاسا بێت، ئەوەی پێ هەزم ناکرێت کە ئێستە زۆرێک لە موسوڵمانان هەر باوەڕیان بە شتێک بە ناوی (جیهادی هێرش "هجومي") نیە وەکو هێرشکردنە سەر ناوچەیەک بۆ موسوڵمان‌کردنیان، و باوەڕیان بە جێ‌بەجێ‌کردنی حوکمی وەکو کوشتنی موڕتەدد و ڕەجم نیە.. ئەوەیان پێ هەزم ناکرێت تێگەشتنی جیاواز لە ئیسلام و نوسخەی جیاواز لە ئیسلام هەبێت، بۆیە چاوەڕێن هەڵوێستی هەمو موسوڵمانێک وەکو کردەوەکانی گروپی وەکو داعش بێت، بەبێ دەرکی ئەوەی کە ئیسلامیش چەند ڕێبازێکە و هەر یەکەیان تێگەشتن و داڕشتنەوەی خۆی بۆ ئیسلام هەیە، و بەبێ دەرکی ئەوەش کە داعش سیاسەتێک ئاڕاستەی دەکات کە موسوڵمانانێکی تر سیاسەتی پێچەوانەی ئەوەیان هەیە!

 

[دیارە داعش سەرکەوتو بوە لە شاردنەوەی گەمە سیاسیەکانی پشتی لەژێر پەردەی کاری ئایینی و جێبەجێ‌کردنی شەریعەتدا، بە شێوەیەک خەڵکی نائیسلامییش وای لێ هاتوە خەریکە تەنها کارە ئایینیەکە ـ کە ماسک و بەرگێکی پۆشراوە ـ دەبینن و گەمە سیاسیەکە ـ کە پاڵنەری ڕاستەقینەیە ـ نابینن]. ئەم جۆرە بیرکردنەوە و لێدوانەش؛ ئامانجەکەی تەنها هەندێک دەسکەوتی ئایدیۆلۆجیایی کاتیە لە کێشمکێشدا لەگەڵ ئیسلامیەکان، لە کاتێکدا لەلایەنی کردەییەوە زیانی زیاترە، چونکە وەکو ئەوە وایە پاڵ بە هەمو موسوڵمانێکەوە بنرێت وەکو داعش بێت و وەکو داعش بیر بکاتەوە، لەژێر پەستانی ئەو پۆلێن‌کردنەدا کە "ئەگەر موسوڵمانی تەواوە؛ دەبێت وەکو داعش بێت، ئەگەرنا؛ درۆ دەکات و دوڕوە". ئیتر بەم شێوەیە بابەتەکە تەنها دەبێتە هەلێک بۆ درێژه‌دان بە کێشمەکێشە ئایدیۆلۆجیاییەکە لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەکە نەک بابەتێک بۆ لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە، هەر بۆیە دەبینین ئەو لێدوان و تێڕوانینە زیاتر لە لایەنە ئایدیۆلۆجیستەکانەوە دەردەچێت، ئەوانەی بە ئایدیۆلۆجیا دژی لایەنە ئیسلامیەکەن، ئەوانیش "ناسیۆنالیست"ـەکان و "سۆشیالیست"ـەکانن. بۆیە بە هەمو ئامادەبونێکی لایەنە ئیسلامیەکە قەڵسن، ئەگەر بە بەشدارییش بێت لە ڕەوتی ڕوناکبیری و سەرکۆنەکردنی تێرۆردا.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.