سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

سەندنی سەرانە لە ئەهلی کیتاب... (بەشی یەکەم)

30/07/2019


ئایا سەندنی سەرانە لە ئەهلی کیتاب لە ئیسلامدا بەسراوەتەوە بە مەرجی دەست‌‌پێش‌خەریەوە؟
سەروەر پێنجوێنی  

 


بانگخواز و بیرمەندی ئیسلامیی نوێخواز   (د. عەدنان ئیبراهیم)  ، لەم وتارەدا(١)  هەوڵ دەدات تێڕوانینێکی نوێ بۆ هەندێک بابەتی ئیسلامی، لەوانە سەندنی سەرانە "جزیة" لە "ئەهلی کیتاب"، بخاتە ڕو: ئەم تازەگەری و تێگەیشتنە نوێیە بۆ ئیسلام کە ناوبراو لەبارەی بابەتی "جیزیە" وە دەیخاتە ڕو؛ جێی ستایش و دەست‌خۆشیە. زۆر شتێکی باش و پێویستە تێگەیشتنی نوێی لەم شێوەیە هەبێت بۆ ئیسلام، لە ناوەوەی ئیسلامەوە، لەسەر زمانی بیرمەندێک و زانایەکی ئایینیی ئیسلامیەوە، بخرێتە ڕو. چونکە چاکسازی بەم شێوەیە دەست پێ دەکات: دەبێت لە ناوەوەی ماڵی بیری ئیسلامەوە دەست پێ بکات، هەتا لەناو موسوڵماناندا پەرە بگرێت. و ئەم چاکسازیە هەر دەبێت بکرێت، چونکە بەبێ ئەمە نە ئیسلام دەتوانێت بیرۆکەیەکی واقیعی بێت، و نە واقیع و کۆمەڵگا دور دەبێت لە زیان و کاریگەریی خراپ و نێگەتیڤ کە هەوڵی جێبەجێ‌کردنی ئیسلامە تەقلیدیەکە دەیسازێنێت.


بەڵام لە لایەنی تیۆ ریەوە؛ پێم وایە عەدنان ئیبڕاهیم هەندێک دەست‌کاری و لێکدانەوەی شەخسی و هەڵەی لەم تێڕوانین و لێکدانەوەیەدا هەیە. گرنگترینی ئەمانە؛ ئەوەیە ئەو مەرجی دەست‌درێژی "اعتداء" دادەنێت بۆ جوڵاندنی هێزی سەربازی بۆسەر (ئەهلی کیتاب) و ڕازی‌بون لێیان بە سەندنی جیزیە لێیان، و ئیتر ئەم دەست‌درێژی "اعتداء" ـە دەکاتە مەرجی یاسا ئیسلامیەکە [واتە: تەنها کاتێک هێرش دەکرێتە سەریان و سێ ئیختیاری (موسوڵمان‌بون ـ یان سەرانەدان ـ یان شەڕ) دەخرێتە بەر دەمیان، کە ئەوان دەست‌درێژییان کردبێتە سەر موسوڵمانان و دەست‌پێش‌خەریی شەڕیان کردبێت  ]، و ئەم مەرجەش بە مەرجێكی قورئانی دادەنێت.. بەڵام ئایەتەکە خۆی کە دەڵێت: "قَاتِلُوا الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَلَا بِالْيَوْمِ الْآخِرِ وَلَا يُحَرِّمُونَ مَا حَرَّمَ اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَلَا يَدِينُونَ دِينَ الْحَقِّ مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ حَتَّى يُعْطُوا الْجِزْيَةَ عَنْ يَدٍ وَهُمْ صَاغِرُونَ" (التوبة: ٢٩)؛ جگە لە ناموسوڵمانێتی و موسوڵمان‌نەبون هیچ مەرج و پاساوێکی تری باس نەکردوە. ئیتر ئەم دەقە باسی دەست‌درێژی "اعتداء" ی نەکردوە و ئەمەی نەکردوە بە مەرج بۆ هێرش‌کردنە سەر ئەهلی کیتاب و ناچارکردنیان بە (موسوڵمان‌بون یان سەرانەدان)، بەڵکو تەنها ئامادەنەبونی ئەهلی کیتاب بۆ موسوڵمان بون دەکاتە مەرج و پاساو بۆ هێرش‌کردنە سەریان، ئەوەتا دەڵێت "باوەڕیان بە ئەڵڵا و ڕۆژی دوایی نیە و قەدەغەکراوی ئەڵڵا و پێغەمبەرەکەی قەدەغە ناکەن و لەسەر ئایینی حەق ناڕۆن"، و ئەمە پاساوەکەیەتی بۆ هێرش‌کردنە سەریان.


عەدنان ئیبراهیم ئەم مەرجی دەست‌درێژی "اعتداء" ـ کە لێرەدا مەبەست دەست‌پێش‌خەریە لە شەڕدا ـ لە هەندێک دەقی قورئانیی ترەوە دەهێنێت و دەیلکێنێت بە باسی ئەم دەقەوە.ئەم دەست‌درێژی "اعتداء" و دەست‌پێش‌خەریە لە شەڕدا، لە هەندێک دەقی تردا باس کراون،لە هەندێک دەقدا دەست‌پێش‌خەریی نا-موسوڵمانەکان کراوە بە مەرج بۆ ئەوەی ئیتر موسوڵمانەکانیش شەڕیان لەگەڵ بکەن، دواتر لەگەڵ ڕونکردنەوە و پۆلێن‌کردندا ئاماژە بۆ هەمویان دەکەین. چەند لایەنێکی گرنگ هەن دەربارەی ئەم دەقانە کە دەبێت فەرامۆشیان نەکەین (کە بێ گومان عەدنان ئیبراهیم فەرامۆشیان دەکات)، بەپێی ئەم لایەنانە دەتوانین بەم شێوەیە پۆلێنیان بکەین (و ڕونیشی بکەینەوە کە چۆن کاریگەرییان نیە بۆ سنوردارکردن و مەرج‌دارکردنی یاسای "جیزیە"):یەکەمیان: ئەم دەقانە کە مەرجی دەست‌درێژی و دەست‌پێش‌خەریی ناموسوڵمانەکان دەکەن بە مەرج بۆ ئەوەی موسوڵمانەکانیش شەڕیان لەگەڵ بکەن؛ تایبەتن بە بارودۆخێکەوە کە بریتی بوە لەوەی هێشتا مەککە نەگیراوەتەوە و موسوڵمان و ناموسوڵمان لە مەککە و لە وەرزی حەجدا و لە زەویی حەڕەمدا ڕێکەوتی یەکتر دەکەن و ئینجا ئەم دەقانە دەڵێن: کاتێک لەو حاڵەتەدا ڕێکەوتی ئەوانتان کرد؛ شەڕیان لەگەڵ مەکەن و ئێوە دەست‌پێشخەر مەبن، بەڵام ئەگەر ئەوان دەست‌پێشخەر بون و شەڕیان لەگەڵ کردن؛ ئێوەش دەستیان لێ بکەنەوە و شەڕیان لەگەڵ بکەن.

 

ئەوانەش ئەم دەقانەن:ـ "وَقَاتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ الَّذِينَ يُقَاتِلُونَكُمْ وَلَا تَعْتَدُوا إِنَّ اللهَ لَا يُحِبُّ الْمُعْتَدِينَ" (البقرة: ١٩٠)، لە چوارچێوە و "سیاق" ی دەقەکەوە دیارە کە مەبەست ئەو بارودۆخەیە کە لە مەککە لە وەرزی حەج و لە زەویی "حەڕەم"ـدا تەنها لە کاتێکدا شەڕیان لەگەڵ دەکرێت کە ئەوانیش شەڕ بکەن و دەست‌پێش‌خەر بن، ئەوەتا ڕاستەوخۆ دوای ئەوە دەڵێت: "وَاقْتُلُوهُمْ حَيْثُ ثَقِفْتُمُوهُمْ، وَأَخْرِجُوهُمْ مِنْ حَيْثُ أَخْرَجُوكُمْ، وَالْفِتْنَةُ أَشَدُّ مِنَ الْقَتْلِ، وَلَا تُقَاتِلُوهُمْ عِنْدَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ حَتَّى يُقَاتِلُوكُمْ فِيهِ، فَإِنْ قَاتَلُوكُمْ؛ فَاقْتُلُوهُمْ. كَذَلِكَ جَزَاءُ الْكَافِرِينَ" (البقرة: ١٩١)، ئەوەتا دەڵێت لای مزگەوتی حەڕام شەڕیان لەگەڵ مەکەن هەتا ئەوان دەست‌پێش‌خەری دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا لە سەرەتای ئایەتەکەوە دەڵێت: لە هەر شوێنێک [یانی: لە دەرەوەی زەویی "حەڕەم"] بەردەستتان کەوتن؛ بیانکوژن. ئاماژە بۆ دو شتیش دەکات: ئەوان (=مەککەییەکان) پێشتر موسوڵمانەکانیان لە مەککە دەرکردوە، دوەمیش "فتنة" کە مەبەست لە ئایین‌وەرگەڕاندنە بە ئەشکەنجەدان. قورئان هەندێک جار ئاماژە بۆ ئەم دو پاڵنەر و پاساوە دەکات بۆ شەڕکردن لەگەڵ مەککەییەکان.


ـ دەقێکی تر دەڵێت: "الشَّهْرُ الْحَرَامُ بِالشَّهْرِ الْحَرَامِ، وَالْحُرُمَاتُ قِصَاصٌ، فَمَنِ اعْتَدَى عَلَيْكُمْ؛ فَاعْتَدُوا عَلَيْهِ بِمِثْلِ مَا اعْتَدَى عَلَيْكُمْ.." (البقرة: ١٩٤). لێرەشدا هەر لە سەرەتای دەقەکەوە دیارە کە مەبەست شەڕکردنە لە کاتی مانگە حەرامەکان کە وەرزی حەجن. دەڵێت: ئەگەر ئەوان دەست‌درێژییان کرد و دەست‌پێش‌خەر بون؛ ئێوەش وەڵامیان بدەنەوە و دەستیان لێ بکەنەوە.دەقێکی تر دەڵێت: "لەگەڵ هەمو موشریکەکان بجەنگێن؛ وەکو چۆن ئەوانیش لەگەڵ   هەمو  تان دەجەنگێن": "إِنَّ عِدَّةَ الشُّهُورِ عِنْدَ اللَّهِ اثْنَا عَشَرَ شَهْرًا فِي كِتَابِ اللَّهِ يَوْمَ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ مِنْهَا أَرْبَعَةٌ حُرُمٌ ذَلِكَ الدِّينُ الْقَيِّمُ فَلَا تَظْلِمُوا فِيهِنَّ أَنْفُسَكُمْ وَقَاتِلُوا الْمُشْرِكِينَ كَافَّةً كَمَا يُقَاتِلُونَكُمْ كَافَّةً وَاعْلَمُوا أَنَّ اللهَ مَعَ الْمُتَّقِينَ" (التوبة: ٣٦). لێرەشدا شەڕکردن لەگەڵیان بەوە پاساو دراوە کە ئەوانیش لە شەڕدان لەگەڵ موسوڵمانەکان (یانی بەو پێیەی ئەوانیش هەمیشە ئامادەن بۆ شەڕ لەگەڵ موسوڵمانەکان و لە شەڕێکی هەمیشەییدان).

 

بەڵام ئەم دەقەش هەر پەیوەندیی بە باسی وەرزی حەجەوە هەیە، ئەوەتا باسی چوار مانگە "حەڕام" ـەکە دەکات، بۆیە دەقەکە زیاتر بەوە لێک‌دراوەتەوە کە ئەمە حەڵاڵ‌کردنی شەڕکردنە لەگەڵ موشریکەکان لە وەرزەکانی حەج (مانگە حەڕامەکان) یشدا، چونکە دەڵێت "کافة" |کاففەتەن|، ئەمەش یانی: لەگەڵ هەمویان شەڕ بکەن، واتە: هەتا ئەگەر لەوانەش بن کە لە مانگی حەڕام و وەرزی حەج و زەویی حەڕەمدا ڕێکەوتیان دەکەن. بەپێی ئەم ئایەتە زۆربەی موفەسسیرەکان وتویانە: ب ەم دەقە قەدەغەبونی شەڕکردن لەگەڵ موشریک لە مانگە حەڕامەکان و زەویی "حەڕام" ـدا هەڵ‌وەشاوەتەوە (بۆ بەڵگەدارکردنی ئەمەش گێڕانەوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پێغەمبەر لە مانگێکی حەڕامیشدا شەڕی لەگەڵ موشریکەکان کردوە، بۆ نمونه: ئابڵوقەدانی موشریکەکان لە طائیف). لەگەڵ ئەو لێکدانەوە زاڵ و باوەشدا لێکدانەوەیەکی تر هەیە دەڵێت: ئەم دەقە شەڕی مانگی "حەڕام" حەڵاڵ ناکات، بەڵکو ـ مادەم باسەکە باسی مانگە "حەڕام"ـەکان و وەرزی حەجە ـ هەر باسی ئەو حاڵەتەیە کە کاتێک موشریکەکان لە وەرزی حەج و لە مەککەدا دەست‌پێش‌خەری دەکەن لە شەڕدا؛ ئێوەش دەستیان لێ بکەنەوە و شەڕیان لەگەڵ بکەن، یانی: مادەم ئەوان لەگەڵ هەموتان (واتە ئەوانەشتان لە وەرزی حەجدا دەچنە کەعبەوە) شەڕ دەکەن؛ دەی ئێوەش لەگەڵ هەمویان (واتە ئەوانەیشیان کە لە حەجدان و لە وەرزی حەجدا ڕێکەوتیان دەکەن) شەڕ بکەن. بەڵام لێک‌دانەوەی یەکەم ڕاستترە چونکە زیاتر لەگەڵ چوارچێوە و بارودۆخی سورەتی (التوبة) دا دەگونجێت.  


دوەمیان: هەندێک دەقی تریان باسی حاڵەتی ڕێک‌کەوتن و هاوپەیمانی دەکەن، کە دوژمنایەتی نیە لە نێواندا، بەڵکو پەیمانی ئاشتی بەسراوە لەگەڵیاندا، بۆیە باسی ئەوانە دەکات کە پێیان خۆش نیە شەڕ لەگەڵ موسوڵمانەکان بکەن و داوا دەکەن ئاشتی هەبێت لە نێواندا، بۆیە دەڵێت ئێوەش شەڕیان لەگەڵ مەکەن و ئاشتییان لەگەڵ بکەن. ئەمەش ئەو دەقەیە کە دەڵێت: لە نا-موسوڵمانەکان خەڵکی وا هەن سەر بەوانەن [یان دەچنە پاڵ ئەوانەی] کە پەیمانتان هەیە لەگەڵیان، یان پێیان خۆش نیە لە ڕیزی خێڵەکەی خۆیان شەڕتان لەگەڵ بکەن یان لە ڕیزی ئێوەدا شەڕ لەگەڵ خێڵەکەی خۆیان بکەن، جا ئەمانە کە دەیانەوێت لە شەڕ بەدور بن و نایانەوێت ڕوبەڕوتان ببنەوە و دەست ناهێننە ڕێگەتان  ؛ ئیتر ئێوە بۆتان نیە هیچیان بەرامبەر بکەن: "إِلَّا الَّذِينَ يَصِلُونَ إِلَى قَوْمٍ بَيْنَكُمْ وَبَيْنَهُمْ مِيثَاقٌ أَوْ جَاؤُ وكُمْ حَصِرَتْ صُدُورُهُمْ أَنْ يُقَاتِلُوكُمْ أَوْ يُقَاتِلُوا قَوْمَهُمْ وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ لَسَلَّطَهُمْ عَلَيْكُمْ فَلَقَاتَلُوكُمْ فَإِنِ اعْتَزَلُوكُمْ فَلَمْ يُقَاتِلُوكُمْ وَأَلْقَوْا إِلَيْكُمُ السَّلَمَ فَمَا جَعَلَ اللَّهُ لَكُمْ عَلَيْهِمْ سَبِيلًا" (النساء: ٩٠). دەقی تریش هەیە کە باسی قبوڵ‌کردنی پێشنیاری ڕێکەوتن و ئاشتی دەکات، وەکو: "وَإِنْ جَنَحُوا لِلسَّلْمِ فَاجْنَحْ لَهَا" (الأنفال: ٦١). بەم شێوەیە ئەم جۆرەش ڕەها نیە و بەسراوەتەوە بە مەرجی بونی پەیمانی ئاشتیەوە [ تێبینی: "سَلَم" لە دەقی پێشودا   (النساء: ٩٠)   دەقاودەق بە واتای تەسلیم‌بونە، وەکو چۆن "سَلَام" یش لە بنەڕەتدا بە هەمان واتا یە، بەڵام هەردوکیان "    سَلَم  " و "    سَلَام    " لە کۆتاییدا واتای ئاشتی و شەڕنەکردن دەگەیەنن.    "سَ لْم " یش لە دەقی دوەمدا    (الأنفال: ٦١) ، کە لەگەڵ "سِلْم" هاووواتایە، بە ڕێکەوتن "صلح" ڕاڤە دەکرێت، ئەمیش لە کۆتاییدا هەر چە مکی ئاشتی دەگرێتەوە   ] .


سێیەمیان: جاری وا هەیە دەقەکە باسی دۆستایەتی "ولاء" و دژایەتی "براء" دەکات، و دەڵێت ئاساییە دۆستایەتیی ئەوانە بکەن کە شەڕیان لەگەڵ نەکردون و دەریان نەکردون لە شار و وڵاتی خۆتان، بۆیە دەڵێت: ئاساییە چاک و نەرم‌ونیان بن لەگەڵیان. ئەوەش ئەم دەقەیە کە دەڵێت: "لَا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ أَنْ تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ" (الممتحنة: ٨). ئینجا پێچەوانەکەی دوپات دەکاتەوە ـ کە مەبەستی مەککەییەکانە ـ کە لەسەر ئایین شەڕیان لەگەڵ موسوڵمانەکان کردوە و لە مەککە دەریان کردون، بۆیە دەڵێت: لەگەڵ ئەمانە نابێت هیچ دۆستایەتییەک بکەن: "إِنَّمَا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ قَاتَلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَأَخْرَجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ وَظَاهَرُوا عَلَى إِخْرَاجِكُمْ أَنْ تَوَلَّوْهُمْ، وَمَنْ يَتَوَلَّهُمْ؛ فَأُولَئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ" (الممتحنة: ٩). لێرەدا باسەکە باسی چۆنێتیی مامەڵە و هەڵس‌وکەوتە، کە کێ بە دۆست دەزانرێت و مامەڵەی باشی لەگەڵ دەکرێت، و کێ بە دوژمن دەزانرێت و هەمو پەیوەندی و دۆستایەتییەکی لەگەڵ دەپچڕێنرێت، ئیتر باسەکە باسی خودی شەڕ و جەنگ نیە

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.