سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

سەندنی سەرانە لە ئەهلی کیتاب... (بەشی دووەم و کۆتایی)

31/07/2019


ئایا سەندنی سەرانە لە ئەهلی کیتاب لە ئیسلامدا بەسراوەتەوە بە مەرجی دەست‌‌پێش‌خەریەوە؟
سەروەر پێنجوێنی 

 


چوارەمیان: جاری وا هەیە باسی ئەوەی "مەککەییەکانیش شەڕ دەکەن بۆیە موسوڵمانەکانیش شەڕیان لەگەڵ دەکەن"؛ وەکو پاساو باس کراوە بۆ شەڕ. ئەوەش دەقێکە ئاماژە دەکات بۆ دەست‌پێش‌خەریی مەککەییەکان، و لە سەرەتای دەست‌پێ‌کردنی شەڕ و ڕوبەڕوبونەوەکاندا هاتوە کە ڕێگە دەدات بە موسوڵمانەکان لەگەڵ مەککەییەکان شەڕ و ڕوبەڕوبونەوە بکەن. جا دەڵێت: ڕێگە دراوە بەو موسوڵمانانەی مەککەییەکان شەڕیان لەگەڵ دەکەن [کە ئەمانیش شەڕیان لەگەڵ بکەن] چونکە پێشتر ستەمیان لێ کردون [بە دەرکردن لە مەککە و دەست‌گرتن بەسەر ماڵ و موڵکیاندا] و بەناڕەوا و لەسەر بنەمای جیاکاریی ئایینی و جیاوازیی باوەڕ لە شار و زێدی خۆیان دەریان کردون: "أُذِنَ لِلَّذِينَ يُقَاتَلُونَ بِأَنَّهُمْ ظُلِمُوا وَإِنَّ اللَّهَ عَلَى نَصْرِهِمْ لَقَدِيرٌ، الَّذِينَ أُخْرِجُوا مِنْ دِيَارِهِمْ بِغَيْرِ حَقٍّ إِلَّا أَنْ يَقُولُوا رَبُّنَا اللَّهُ.." (الحج: ٣٩، ٤٠). ئەم دەقەش وەکو گەلێک دەقی تر زیاتر لە پاساوهێنانەوەوە نزیکە، تاکو ئەوەی شەڕ و دەرکردن بکات بە مەرجی ڕوبەڕوبونەوە، واتە ڕێگە دەدات بە شەڕکردن لەگەڵ مەککەییەکان، و ئەم شەڕەش بەوە پاساو دەدات کە مەککەییەکانیش شەڕ دەکەن و پێشتریش ستەمیان لە موسوڵمانە مەککەییەکان کردوە و ناچاری بەجێ‌هێشتنی شارەکەیان کردون.

 

ئیتر ئەم دەقەش لە سەرەتای ڕوبەڕوبونەوەکاندا هاتوە، و دەگەڕێتەوە بۆ پێش گرتنەوەی مەککە کە دوای گرتنەوەی مەککە و هەندێک گەشەوگۆڕانی تر ئەم بابەتانە هەمویان دەگۆڕێن. ئەمە هەموی بەپێی خوێندنەوە باوەکە [کە خوێندنەوەی (نافیع) و (ئیبن عامیر) و (ئەبو جەعفەر) و (عاصیم-حەفص) ـە، و لە قورئانە ڕەسمیەکەدا هەیە]، لە کاتێکدا بە پێچەوانەی خوێندنەوە باوەکەوە؛ خوێندنەوەیەکی تر هەیە بۆ دەقەکە [خوێندنەوەی: (ئەبو عەمڕ)، (ئیبن کەثیر)، (عاصیم-شوعبە)، (حەمزە)، (کیسائی)، (خەلەف)، (یەعقوب)] کە ئەمیش "موتەواتیر" ە و بە قورئان حسابە و دەقەکە بەم شێوەیە دەخوێنێتەوە: "أُذِنَ لِلَّذِينَ يُقَاتِلُونَ.."، ئەمەش واتاکەی دەبێتە: "ڕێگە درا بەو [موسوڵمان] ـانەی شەڕ دەکەن.."، ئەمەش یانی: ئەوانەی دەیانەوێت شەڕ بکەن؛ ڕێگەیان پێ درا شەڕ بکەن. خۆم ئەم خوێندنەوەیە بە ڕاست دەزانم و پێم وایە ئەم خوێندنەوەیە دەقە قورئانیە ئەسڵیەکەیە، ئەوەی تر هەرچەند بە "موتەواتیر" حسابە بەڵام پێم وایە خوێندنەوەیەکی لاوازە، چونکە بەپێی ئەم خوێندنەوەیە و بەم واتایە (="ئەوانەی شەڕیان لەگەڵ دەکرێت ڕێگەیان پێ درا..") ڕون نابێتەوە: ڕێگەیان پێ درا بە چی؟! بەڵام بەپێی خوێندنەوەکەی تر و واتاکەی (="ئەوانەی شەڕ دەکەن [ئامادەی شەڕکردنن]؛ ڕێگەیان پێ درا..")، ئەمەش یانی "ڕێگەیان پێ درا ئەو شەڕە بکەن کە ئامادەن بۆی"؛ بەم شێوەیە ڕون دەبێتەوە ڕێگەیان پێ دراوە بە چی. خوێندنەوەی عەبدوڵڵای کوڕی مەسعود [و ئوبەیی و طەڵحە و ئەعمەش] یش هەیە کە پشتگیریی ئەم واتایە دەکات (بەم شێوەیە ئەم خوێندنەوە تایبەتی و "شاذ" انە زیاتر بۆ لێکدانەوە بەسودن نەک ئەوەی بە دەقی ستاندارد بزانرێن)، کە ئەو بەم شێوەیە خوێندویەتیەوە: "أُذِنَ لِلَّذِينَ قَاتَلُوا"، ئەمەش یانی: ڕێگە درا بەو موسوڵمانانەی شەڕیان کرد [=ئامادە بون بۆ شەڕ، هاتنە سەر شەڕکردن].


پێنجەمیان [و گرنگتر لەو خاڵانەی پێشو]: ئەوەیە کە هەمو ئەو دەقانەی پێشتر باس کران [جگە لە (التوبة: ٣٦) کە وتمان زۆرینە بەو واتایە لێکی‌دەدەنەوە کە شەڕکردن لەگەڵ هەمو موشریکێک ـ یانی لە وەرزی حەجیشدا ـ دروستە، چونکە ئەوانیش هەمیشە لە شەڕدان لەگەڵ موسوڵمانەکان]؛ باسی بارودۆخی پێش گرتنەوەی مەککەن و دەکەونە پێش ڕاگەیاندنی بێ‌بەری‌بون لە پەیمانەکان لەگەڵ موشریکەکان و ڕاگەیاندنی شەڕی سەرتاسەری و هەمیشەیی لەگەڵیان، کە ئەمە لە سەرەتای سورەتی (التوبة) دا [بەتایبەتی (التوبة: ٥) ی ناسراو بە "آیة السیف"] ڕاگەیەنرا، کە ئەم سورەتە لە سورەتە درەنگ‌وەختەکانە، و لە کۆتاییدا ئیسلام کاری بە ڕێنمایی و فەرمانەکانی ئەم سورەتە کردوە. هەر بۆیە دوای ئەوە ئیسلام هیچ موشریکێکی لە نیمچەدورگەی عەرەبدا نەهێشت و هەمویانی ناچار کرد یان موسوڵمان ببن یان کوشتار بکرێن، ئیتر بونیان لە وەرزی حەج (=مانگە حەڕامەکان) و زەویی "حەڕام" یش دادیان نادات، و پەیمان‌بەستنیش لەگەڵیان؛ کۆتایی پێ هات. هەر بۆیە تەفسیرەکان دەڵێن ئەو دەقە (التوبة: ٥) کە بە "آیة السیف" ناسراوە؛ هەمو ئەو ڕێنماییانەی تری هەڵ‌وەشاندوەتەوە، وەکو ئەوەی: "هەتا ئەوان شەڕ نەکەن و دەست‌پێش‌خەری نەکەن؛ شەڕیان لەگەڵ ناکرێت"، یان وەکو ئەوەی "ئەوانەی داوای ئاشتی و پەیمان دەکەن [بۆ ماوەی دیاری‌کراو یان دیاری‌نەکراو]؛ ئاشتییان لەگەڵ دەکرێت". ئەمانە ئیتر کاریان پێ نەکراوە، ئیتر دەست‌پێش‌خەریی ئەوان مەرج نیە و داوای ئاشتی و پەیمانیشیان لێ وەرناگیرێت.


لەم لایەنەوە ئەوە سودی نیە عەدنان ئیبراهیم بڵێت: من باوەڕم بە هەڵوەشاندنەوە و "نەسخ" لە قورئاندا نیە. چونکە بەڕاستی ئیسلام لە دوای هاتنی سەرەتای سورەتی (التوبة) وە ئیتر بەڕاستی و بە عەمەلی ئەو ڕێنماییانەی تری هەڵ‌وەشاندوەتەوە، و ئەمە شتێکی مێژوییە، نەک ئەوەی موفتییەک لە خۆیەوە بڵێت ئەمە "ناسیخ" و ئەمە "مەنسوخ" ـە. هەر بە واقیعی لە دوای هاتنی سەرەتای سورەتی (التوبة) وە ئیسلام هەمو ڕێکەوتن و ئاشتییەکی لەگەڵ موشریکەکانی نیمچەدورگەکە هەڵ‌وەشاندوەتەوە (و ئەمە مانای ڕاستەقینەی ئەوەی کە "ئایەتی شمشێر" ئەوانەی پێشوی هەڵ‌وەشاندوەتەوە، کە مەبەست ئەوەیە پەیمانەکانی ئاشتی و ڕێکەوتنی هەڵ‌وەشاندوەتەوە)، و هەر بەڕاستی ئیسلام لە دوای هاتنی سەرەتای سورەتی (التوبة) وە خۆی دەست‌پێش‌خەر بوە لە شەڕکردن لەگەڵ موشریکەکاندا، و ئیتر مەرجی دەست‌پێش‌خەریی موشریکەکان هەڵ‌گیراوە، بەڵکو بۆسەیان بۆ دانراوە و بە هەمو شێوەیەک ناچاری (موسوڵمان‌بون یان کوشتار) کراون. ئەمە شتێک نیە عەدنان ئیبراهیم بتوانێت نکولیی لێ بکات. و ئەمە لە ڕاستیدا لە زانستی ئایینیی تەقلیدیی "ناسیخ و مەنسوخ" ـەوە نەهاتوە، بەڵکو پەیوەندیی بە واقیعێکی مێژوییەوە هەیە و ڕوی داوە، نەک کۆمەڵێک ئیعتیباراتی فیقهی بێت لە مێشکی فیقهزانێکدا کە بۆ خۆی بڕیار دەدات کامە "ناسیخ" ـە و کاری پێ دەکرێت و کامە "مەنسوخ" ـە و کاری پێ ناکرێت(٢) .


جا مەبەستەکە ئەمە بو کە بڵێم: دەقی "قَاتِلُوا الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَلَا بِالْيَوْمِ الْآخِرِ وَلَا يُحَرِّمُونَ مَا حَرَّمَ اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَلَا يَدِينُونَ دِينَ الْحَقِّ مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ حَتَّى يُعْطُوا الْجِزْيَةَ عَنْ يَدٍ وَهُمْ صَاغِرُونَ" (التوبة: ٢٩)، کە موسوڵمان‌نەبون دەکاتە مەرجی هێرشی سەربازی بۆسەر "ئەهلی کیتاب" و ئینجا سەرانە "جیزیە" دەکاتە برێتی بۆ وازهێنان لێیان و ڕازی‌بون لێیان؛ ئەمە یەکێکە لە ڕێنماییە درەنگ‌وەختەکانی قورئان، و زۆر دوای ئەو دەقەی ـ بۆ نمونه ـ "لَا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ أَنْ تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ" (الممتحنة: ٨) کە دەڵێت ئاساییە لەگەڵ ئەوانە دۆستایەتی و مامەڵەی باشتان هەبێت کە وەکو مەککەییەکان شەڕیان لەگەڵ نەکردون و دەریا نەکردون. حوکمی سەرانە "جزیة" لە سورەتی (التوبة) دا هاتوە کە زۆر دوای سورەتی (الممتحنة) هاتوە. و ڕەنگە بیشتوانین بڵێین دژی یەکتر نین و دەتوانن کۆ ببنەوە: ئەوەی یەکەم جار هاتوە (الممتحنة: ٨)؛ باسی ئەوانە دەکات کە دوژمن نین و دەڵێت: ئاساییە چاک بن لەگەڵیان و دۆستایەتییان بکەن، ئەوەی دوەمیش (التوبة: ٢٩)؛ باسی ئەوە دەکات بە چ شێوەیەک دۆستایەتیەکە بەردەوام دەبێت، کە ئەوەش بەوە دەبێت سەرانە بدەن و کاتێک سەرانەیان دا؛ ئیتر بە دوژمن حساب نین و ئاساییە دۆستایەتییان بکرێت. گرنگ ئەوەیە لە دوای هاتنی (التوبة: ٢٩) ـەوە ئیتر لە ئیسلامدا ئەهلی کیتاب بەو مەرجە دۆستایەتییان کراوە و ڕێکەوتنیان لەگەڵ کراوە کە سەرانە بدەن.

 

بەم شێوەیە دەقی دوەم (درەنگ‌وەخت) دەتوانێت دەقی یەکەم (پێش‌‌وەخت) سنوردار بکات، نەک بەپێچەوانەوە (وەکو عەدنان ئیبراهیم دەیەوێت) بە دەقی یەکەم دەقی دوەم سنوردار بکرێت یان هەڵ‌بوەشێنرێتەوە یان تایبەت بکرێت بە مەرجێکەوە (کە دەست‌پێش‌خەری یان دەست‌درێژیە)، ئیتر لە ئیسلامدا نەوتراوە  ـ بۆ نمونە ـ مادەم گروپێک لە ئەهلی کیتاب وەکو مەککەییەکان شەڕی ئایینییان لەگەڵ موسوڵمانەکان نەکردوە و موسوڵمانەکانیان دەرنەکردوە؛ ئیتر سەرانەیان لێ داوا ناکرێت! ئەمە ئەو تێگەیشتنەیە کە عەدنان ئیبراهیم دەیەوێت سازی بکات بۆ کۆی دەقەکان. ئەمەش واتە عەدنان ئیبراهیمیش باوەڕی بە جۆرێک لە هەڵ‌وەشاندنەوە و "نەسخ" هەیە، بەڵام ئەو بە دەقی یەکەم (پێشو) ("سابق") دەقی دوەم (داهاتو) ("لاحق") هەڵ‌دەوەشێنێتەوە یان سنوردار و مەرج‌داری دەکات! کە ئەمە هەم پێچەوانەی واقیعی کار و پراکتیسی مێژوە ئیسلامیەکەیە، و هەم پێچەوانەی ئەو بڕیار و ڕێسایانە کە زانستە ئیسلامیە تەقلیدیەکان کاریان پێ کردوە وەکو ـ بۆ نمونە ـ ئەوەی دەقی دوەم (داهاتو) ("لاحق") دەتوانێت دەقی یەکەم (پێشو) ("سابق") هەڵ‌بوەشێنێتەوە یان سنوردار و مەرجداری بکات. لە یاساکانیشدا هەر وایە: یاسای داهاتو و نوێ زاڵە بەسەر یاسای پێشودا و دەتوانێت سنورداری بکات. 


من دەرکی ئەوە دەکەم عەدنان ئیبراهیم ئامانجی چیە، و دەزانم دڵسۆزە و کار بۆ ئەوە دەکات ئیسلام لەگەڵ سەردەم و واقیعی ئێستە بگونجێنێت. ئەو ئیسلامەی ئەو پێشنیاری دەکات؛ دەکرێت پێی بڵێین "ئیسلامی واقیعی"، ئیسلامێک کە بتوانێت لەگەڵ واقیعە نوێیەکە بگونجێت و بکرێت کاری پێ بکرێت و بگونجێت بۆ کارپێ‌کردن، نەک ببێتە شتێکی ئەستەم و "موستەحیل". هەر بۆیە ناچارە گەلێک شتی ئیسلامە تەقلیدیەکە تێپەڕێنێت. هەر لێرەوە تێ‌دەگەین بۆچی پارێزەر و پاسەوانەکانی ئیسلامە تەقلیدیەکە دژایەتیی دەکەن و گومان لە باوەڕ و ئینتیمای مەزهەبیی دروست دەکەن. 


لەگەڵ ئەوەشدا کێشەی سەرەکیی عەدنان ئیبراهیم ئەوەیە دەیەوێت لە یەک کاتدا شوێن دەقیش بکەوێت و شتێکیش بڵێت لەگەڵ سەردەم و واقیع بگونجێت. ئەم هاوسەنگی‌ڕاگرتنە لە نێوان دەق و واقیع کارێکی زۆر ئەستەمە. زۆربەی کات ئەمە بە لێکدانەوەی نوێ ـ کە زیاتر لە شێواندنەوە نزیکە ـ بۆ دەقەکان و هەڵ‌بژاردنی بەئەنقەستی هەندێکیان و پشت‌گوێ‌خستنی هەندێکی تریان دەبێت. ئەو دەقەی کە لەگەڵ عەقڵ و سەردەم ناگونجێت؛ گومانی لێ دروست دەکرێت، ئیتر ئەگەر گومان لە گەیشتن و چەسپان "ثبوت" ی نەکرێت؛ گومان لە واتاکەی دەکرێت و واتایەکی تری بۆ دەدۆزرێتەوە و لێکدانەوەیەکی گونجاوی بۆ دەکرێت. 


ئەمەش کێشەی باوەڕدارە. باوەڕدار سەربەخۆ نیە و ناتوانێت سەربەخۆ بێت. باوەڕدار ناتوانێت دان بە بونی یاسایەک یان باوەڕێک و چەمکێک لە ئایینەکەیدا بنێت و لە هەمان کاتیشدا باوەڕی پێی نەبێت. بۆیە ئەگەر شتێک باوەڕی پێی نەبێت؛ ناتوانێت بە بەشێک لە ئایینەکەی بزانێت. شتێکیش نەتوانێت لە ئایینەکەی بکاتە دەرەوە؛ ناتوانێت ڕەخنە و تێبینیی لەسەری هەبێت. بەڵام ئێمەمانان ئازادین، سەربەخۆین، بۆ ئێمە گرنگ نیە باوەڕ و یاسای ئیسلامی چۆنە و چیە، تەنها ئەوەندە گرنگە بزانین باوەڕ و یاسای ئیسلامی لە کاتی خۆیدا چۆن بوە و چی بوە، و بە بەڵگە بتوانین بیسەلمێنین ئیسلام لە مێژوی یەکەمیدا چ باوەڕ و یاسایەکی دامەزراندوە. ئیتر لەگەڵ ئەم سەردەمە دەگونجێت یان نا؛ ئێمە کێشەی ئێمە توێژەری سەربەخۆ نیە، وەکو چۆن بۆمان گرنگ نیە کولتوری ـ بۆ نمونە ـ سومەری لەگەڵ ئەم سەردەمە دەگونجێت یان نا! 


بۆیە ئێمەمانان دەتوانین بەتەواوی بێلایەنی لە لێکۆڵینەوەی ئیسلامدا بپارێزین. بەڵام باوەڕدار ناتوانێت، ئەو ناچارە ئیسلامێک گەڵاڵە بکات کە بڕوای پێی هەبێت و بتوانێت لەم سەردەمەدا بیخاتە ڕو و داکۆکیی لێ بکات، بۆیە ناچارە لە زۆر بابەتدا ئیسلام دابڕێژێتەوە و لێکدانەوە و پێناسەی نوێ بۆ دەق و چەمکە ئیسلامیەکە بکات، ئینجا لافی ئەوەش لێ دەدات کە ئیسلام هەر لە سەرەتایشەوە و لای موسوڵمانانی یەکەمیش بەم شێوەیە بوە.عەدنان ئیبراهیم هێشتا لەم ئاڵۆزیەدا گیری خواردوە. ئەمەیە جیاوازیی میتۆدی ئێمە لەگەڵ میتۆدی کەسانی وەکو عەدنان ئیبراهیم. لەگەڵ ئەوەشدا عەدنان ئیبراهیم لەو لایەنەوە قۆناغی باشیشی بڕیوە. ئەوەتا لەم وتارەدا هەوڵ دەدات بڵێت سەندنی جیزیە لە ئەهلی کیتاب لە مێژوی ڕابردوی وڵاتانی ئیسلامیدا قۆناغێک بوە و ئەزمونێکی کۆنی ئیسلامە، و ئێستەش قۆناغێکی ترە (کە قۆناغی دوای داگیرکاریی ئیمپێریالیزمە) کە موسوڵمان و ـ بۆ نمونه ـ مەسیحیەکان وەکو یەک تێیدا بەشدارن و وەکو یەک هاوڵاتین، ئیتر مەسیحیەکان "ئەهلی ذیممە" ی موسوڵمانەکان نین، و ئیتر سەندنی جیزیە لێیان وارید نیە، چونکە مەسیحیەکانیش وەکو موسوڵمانەکان بەشدار بون لە بزوتنەوەی بەرهەڵستیی ئیمپێریالیزم و ڕزگارکردنی نیشتماندا، بۆیە ئەوانیش وەکو موسوڵمان هاوڵاتیی پلەیەکن نەک ئەوەی موسوڵمان وەکو هاوڵاتیی پلەدو قبوڵیان بکات و لەبەرامبەری ئەوەدا جیزیەیان لێ بسەنێت. 
بەکورتی: لەم وتارەدا پێی وایە کە مەرج نیە هەرچی لە قورئاندا باس کرابو؛ ئیتر لەم سەردەمەشدا ئەرک بێت لەسەر شانی موسوڵمان دوبارەی بکاتەوە و ئەگەر ئەو شتە لە واقعیدا نەشمابێت؛ ناچار بێت زیندوی بکاتەوە.


ئەمەش ئەو بیرۆکە سەنتەری و گرنگەیە کە بۆ هەر نوێگەری و چاکسازییەکی ئایینی پێویستە، کە دەق و چەمکە ئایینیەکان زادەی ئەزمونێکی یەکەمی ئایینەکەن کە لە چوارچێوەی کولتور و ڕۆژگارێکدا هەیبوە، لەم سەردەمەدا و لە چوارچێوەی کولتوری نوێدا ئایینەکە دەتوانێت ئەزمونێکی نوێی هەبێت و ئیتر مەرج نیە ڕەگەز و پێکهێنەکانی ئەزمونەکەی یەکەمی دوبارە بکاتەوە.ئەمە بیرۆکەیەکی زۆر سەرەکیە، بەبێ ئەم بیرکردنەوەیە هەمو نوێکردنەوەیەکی بیری ئیسلامی ئەستەمە، بیرکردنەوەیەک کە لەناو ماڵی بیری ئیسلامی خۆیەوە دەست پێ بکات، نەک لە دەرەوەی خۆیەوە بەسەریدا بسەپێنرێت(٣) .ئەم بیرکردنەوەیە لە بیروڕاکانی عەدنان ئیبراهیمدا هەستی پێ دەکرێت، هەر بۆیە هەوڵەکانی هەوڵی نوێگەریی جیددین، و هەر بۆیە موسوڵمانە تەقلیدیەکان بە دڵیان نیە.  کێشەی ناوبراو، یان کێشەی ئێمە ـ وەکو توێژەری سەربەخۆ ـ لەگەڵ ناوبراو، کاتێک دەست پێ دەکات کە هەوڵ دەدات ئەو نوێگەری و بیرکردنەوە نوێ و واقیعیانە لەگەڵ دەقەکان بگونجێنێت و ئەو چەمکە بخاتە سەر زمانی دەقەکان. بێ گومان لەم لایەنەوە تەواو سەرکەوتو نابێت، ئەو نابێت گرەو لەسەر دەقەکانیش و لەسەر نوێگەرییش بکات، ناتوانێت لە یەک ئاستدا "ڕەسەنایەتی" و "هاوچەرخایەتی" یش بێنێتە دی.
ـــــــــــــــــــــــ
پەراوێز:  
(١)  ئەم وتارەی (د. عدنان إبراهیم)، لە بنەڕەتدا ڕۆژی ١ / ٣ / ٢٠١٣، لە کەناڵی خۆی لە یوتیوب، بڵاو بوەتەوە،   بە ناوی (عالم منسوخ).
(٢)  بە بڕوای ئێمە؛ قورئان وەکو تۆمار "سجل" ێک وایە کە لەگەڵ گەشەکردنی بارودۆخی موسوڵمانەکاندا گەشەی کردوە، و هەمو ڕێنماییە قۆناغەکی و جیاوازەکانی تێدا تۆمار کراوە. ئیتر دواتر فیقهزانی موسوڵمان ـ کە دەیەوێت ئەم دەقانە بگۆڕێت بۆ "مودەووەنە" یەکی یاسایی ـ چۆن کار بەم دەقانە دەکات؛ ئەوە کێشەی فیقهزانی موسوڵمان خۆیەتی کە دەیەوێت یاساگەلێک بۆ کارپێ‌کردن بەو دەقانە لە دەقەکان خۆیانەوە گەڵاڵە بکات (هەر بۆیە پێک‌هاتنی زانستی ئایینیی تەقلیدیی "ناسیخ و مەنسوخ" لەم چوارچێوەیەدا بوە، و پێویستییەکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ئیسلامیەکە بوە، بۆیە فیقهزان و فەتوادەرەکان ناچار بون بڕیار بدەن کار بە کام دەقە دەکرێت، و لێرەوە بڕیاریان داوە کە لەنێوان دو دەقی پێچەوانەدا؛ ئەوەی دوەمیان کاری پێ دەکرێت و یەکەم هەڵ‌وەشاوەتەوە). بەڵام بەلای ئێمەوە قورئان تەنها تۆمارێکی ڕێنماییەکان و ڕاگەیاندنە ئیسلامیەکانە لە قۆناغە جیاوازەکاندا، و گەشەکردنی بارودۆخی گروپە ئیسلامیەکەی لێ دەخوێنینەوە، و بەم واتایە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەین، و بۆمان گرنگ نیە لەم سەردەمەدا چۆن کار بە دەقە ئیسلامیەکان دەکرێت، خۆ ئێمە "موجتەهید" و "موفتی" نین! 
(٣)  پێشتر قسەم لەسەر ئەم بیرۆکە سەنتەریە بۆ نوێگەری و چاکسازیی ئایینی لە ئیسلامدا کردوە. بڕوانه: 
"ئایا ده‌كرێت ئیسلام ریفۆرم بكرێت؟ ـ ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی چاكسازیی ئایینی له‌ جیهانی ئیسلامدا".  

ئایا سەندنی سەرانە لە ئەهلی کیتاب لە ئیسلامدا بەسراوەتەوە بە مەرجی دەست‌‌پێش‌خەریەوە؟
سەروەر پێنجوێنی 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.