د.سەباح بەرزنجی پسپۆڕی یاساو شەریعەت و فكری ئیسلامی ڕەخنە لە وتاری هەنێك لە وتاربێژانی ئاینی دەگرێت كە لە ڕەوتی زاناینی ئاینی كورد دەرچون و دەشڵێت حوجرەكانی كوردستان جاران باشتربون و زانای ئاینی باشتریان پیدەگەیاند.
د.سەباح بەرزنجی خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە چەمك و بنەماكانی یاسا، ئێستا مامۆستایە لەكۆلیژی زانكۆی گۆیژە بۆ دیراساتی دینی. لەم چاوپێكەوتنەدا باس لە تایبەتمەندییەكانی وتاربیژی ئاینی دەكات و ڕەخنەش لەو وتاربێژە ئاینییانە دەگرێت كە خەلكی تەكفیر دەكەن. ئاماژەی بەوەشدەكات ئەو وتاربێژانەی خەڵكی بە بیدعەچی ناودەبەن لە ڕەوتی زانای كوردەكان دەرچون.
د.سەباح بەرزنجی دەڵێت"جاران حوجرەكانی كوردستان باشتربون، زانای گەورەتر و كاریگەرتر دانیشمەنتر و پڕتر لە زانستەكانی ئاین پەروەردە دەكرد، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە حوجرەكان، لاوازبون و زانای ئاینی گەورە پێك ناهێنن، هەندێكیان كاریگەرییان هەبوە بۆ پێگەیاندنی مەلای ئاینی زانا و زیرەك، بەڵام هەندێكیشیان بەو ئاستە نەبون".
دەشڵێت"ئەمە حاڵەتێكە لەهەندێك وتاربێژدا هەیە و دەكرێت بە قسەكردن لەگەڵ ئەم وتاربێژانە ئەو حاڵەتانە چارەسەر بكرێن، چونكە بەڕاستی بە كافركردن، بیدعەچی دانان كاری دەسەڵاتێكی دادوەرییە، كاری وتاربێژ نییە لەسەر مینبەر، بۆیە خەڵكێكیش پێیان وایە ئەو وتارانەی كە ئەو باسانەی تیایە لە ڕەوتی زانا كوردەكان دەرچون".
پێوەرەكانی وتار چین و پێویستە وتاری بانگخواز و مەلاكان چۆن بن؟
سەباح بەرزنجی: كە بمانەوێت قسە لەسەر وتار بكەین، پێویستە وتاربێژ ئامادە بكەین، وتاربێژی سەركەوتو ئەو كەسەیە كەخاوەنی زانستێكی بەرز، ڕۆشنبیرییەكی بەرز، روئیا و جیهان بینییەكی بەرز بێت، ئەوسا كە وتاربێژی باشمان پێگەیاند كە بتوانێت وتارێكی پێشكەوتوی كاریگەری و ئامانجدار پێشكەش بكەین، پێوەرەكانی وتار، پێوەرێكی زاتیمان هەیە، كە پێویستە خاوەنی زانست و خاوەنی جیهانبینی، دلِسۆزی ئاین و گەل و خاك بێت، وە پێوەری بابەتییانە، پێویستە ئەو وتارە لە ئاستی جەماوەردابێت و بە زمانێكی پاراو لەدەرگای دڵەكان بدات، وە كێشەو گرفتەكانی خەڵك بە دابونەریتێكی جوان، دور لە ناوزڕاندن پێشكەش بكات.
ئەو مەلا و بانخوازانەی لە وتارەكانیاندا توندن یان هێرش دەكەنە سەر خەڵكی و ناوزڕاندن دەكەن دەچنە ڕێڕەوی وتاری ئاینی تەندروستەوە؟
سەباح بەرزنجی: پێویستە وتاربێژ سەرەتا ئامانجی وتارەكەی دیاری بكات، كە ئامانجی لەوتاردان چییە، لەئیسلامدا یەكەم ڕازیكردنی خوای پەروەردگارە و وشیاركردنەوە و ئاگاداركردنەوەی خەڵكە، دیاریكردنی هەڵوێستی شەرعی و دروست سەبارەت بە ڕوداوەكان و كاروباری ڕۆژانە، هەمو ئەمانە لە چوارچێوەی وتارێكی دروست و كورت و پوختدا بن، پێشكەش بكرێت بەدور لەناوزڕاندن، باسكردنی كەسانێكی تایبەت پێشكەش بە جەماوەر بكرێت، بەهیچ شێوەیەك لەوتاری ئاینیدا نابێت ناوی كەسێكی تایبەتی ببات، بەشێوەیەك ناوی بزڕێنێت، ئابڕوی ببات و تەنانەت كە كارەكەشی دزێو بێت، ئەبێت بە شێوەی وەسف خەڵك ئاگادار بكاتەوە لە كارە خراپەكەی ئەو كەسە، بەهیچ شێوەیەك لەوتاری تەندروستدا جێگەی ناوزڕاندن نابێتەوە، جێگەی هێرشكردن بۆ سەر خەڵك نابێتەوە.
بەراوردی مەلاكانی ئێستا و مەلاكانی ڕابردو چۆن دەكەی بە تایبەتی تا پێش ڕاپەڕین كە ڕەوتە ئیسلامییەكان دەرنەكەوتبون؟
سەباح بەرزنجی: بە بەراوردكردنی مەلاكانی ڕابردو و ئێستا، لەڕاستیدا بەراوردكردنەكە زۆر لایەن دەگرێتەوە، لەڕوی پێكهاتە و پێگەیاندنی مامۆستای ئاینییەوە، جاران حوجرەكانی كوردستان باشتربون، زانای گەورەتر و كاریگەرتر دانیشمەنتر و پڕتر لە زانستەكانی ئاینیان پەروەردە دەكرد، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە حوجرەكان، لاوازبون و زانای ئاینی گەورە پێك ناهێنن، هەندێكیان كاریگەرییان هەبوە بۆ پێگەیاندنی مەلای ئاینی زانا و زیرەك، بەڵام هەندێكیشیان بەو ئاستە نەبون.
ناوەڕۆكی وتاری مەلاكانی ئێستا تاچەند گونجاون و هەڵقوڵاوی كلتوری كۆمەڵگەن؟
سەباح بەرزنجی: لەئێستادا زۆر لەو وتاربێژانە، كە ڕۆژانی هەینی وتار دەدەن یان لە بۆنەكاندا، من پێم وایە زۆربەیان شیاون و وشیارن و وتاری گونجاویان هەیە و ناوەڕۆكەكەیان پەیوەستە بە ژیانی ئەمڕۆی خەڵكەوە، بەڵام هەندێكیشیان پڕگیرن و زۆر ناچنە ناو ئەوەوە كە جەماوەری كوردستان دەیەوێت، كە ئاینێكی بێ گرێ و گۆڵ ئاینێكی سادە و ساكار، تێكەڵ بوبێت بە ژیانی ڕۆژانەیان، پێویستە لەو ئاراستەیەدا بن، پێم وایە هەندێك وتار لەئاستی پێویستدا نییە.
ئایا پێت وا نییە هەندێ وتاری ئاینی زیاتر لە وتارێكی هاوردە دەچن بە تایبەتی ئەوانەی زیاتر خەڵكی تەكفیر دەكەن یان دەیانكەن بە بیدعەچی؟
سەباح بەرزنجی: زۆر سروشتییە كە ببینین لەزۆر وتاربێژدا ئەفكاری ئەملاولا بهێنن، بەڵام ئەمە حاڵەتێكە لەهەندێك وتاربێژدا هەیە و دەكرێت بە قسەكردن لەگەڵ ئەم وتاربێژانە ئەو حاڵەتانە چارەسەر بكرێن، چونكە بەڕاستی بە كافركردن، بیدعەچی دانان كاری دەسەڵاتێكی دادوەرییە، كاری وتاربێژ نییە لەسەر مینبەر، بۆیە خەڵكێكیش پێیان وایە ئەو وتارانەی كە ئەو باسانەی تیایە لە ڕەوتی زانا كوردەكان دەرچون و بەهیچ شێوەیەك ئێمە پێشینەیەكی ئاوامان نییە.
هەست ناكەیت دینداریی خەڵكی گۆڕانی بەسەردا هاتوە لەم چەند ساڵەی ڕابردودا لەژێر سێبەری هەندێك لەو مەلایانە، بۆ نمونە دین لە ناوەڕۆكەوە بۆتە باسی جل و بەرگ و ڕیش دانان لەكاتێكدا پێشتر وا نەبوە؟
سەباح بەرزنجی: دینداریی خەڵك لە هەمو چەرخ و سەردەمێكدا و لەهەمو كۆمەڵگەیەكدا، قابیلی گۆڕانە و بەرەو باشتربون دەڕوات، یان بەرەو لاواز بون، پێم وایە لەهەندێك ڕوەوە دینداریی خەڵك باشتربوە لە ڕوی هۆشیارییەوە، ئاگاداری و شارەزابون لە حوكمەكان و ئاگاداربون لە مێژوی ئاینی، مەلا و وتاربێژەكان دەوری باشیان بینیوە و ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئاینی ئیسلام هێشتا لەهەناو و ویژدانی میللەتی ئێمەدا زیندوە، كە هەندێك كەسانیش هەن بونەتە بار بەسەر ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە پێم وایە كە گاریگەرییەكی ئەوتۆی نییە.
ئەگەر بڕیاربێ خەڵكی بگەڕێنەوە سەر دینداری ڕاستەقینەی خۆیان دەبێت چی بكرێت؟
سەباح بەرزنجی: دینداریی ڕاستەقینە پێناسەی جۆراوجۆری بۆكراوە و پیناسەی دروست كە مرۆڤ پابەندبێت بە بنەماكای ئیسلام ئەوەی كە هەمو زاناكان لەسەری كۆكن، ئەو شتانەش كە جیاوازی هەیە، پەیڕەوی لە زانایەكی دانپێدانراوی و ناسراوی جدی متمانە بكات و ئەوەی دەیزانێت لە دیندا كاری پێبكات و لێی لانەدات، پێم وایە خەڵك هەمویان پێشوازی لەم جۆرە دیندارییە دەكەن و ئەمەش پێویستی بە كاركردن و وشیاركردنەوەیە و كاری میدیایی و كاری سەنتەر و گرنگیدان بە خوێندنە ئیسلامییەكان، پشگیری دەسەڵاتە بۆ هەمو هەنگاوێك لەو بوارەدا، وتاری ئاینی بابەتێكی زۆر هەستیارە و بابەتێكە لە جیهانی ئیسلامیدا گرنگی زۆری پێدەدرێت و كۆنفرانس و كۆبونەوەی جۆراوجۆری بۆ دەبەسترێت و چەندیدن كتێب و دیراسەی لەسەر كراوە و پێم وایە لەوتاردا ڕەچاوی تایبەتمەندی هەمو كۆمەڵگەیەك بكرێت، كە تیایدا وتارەكە دەدرێت، بەڵام بەشێوەیەك نەبێت كێشە دروست بكات و فیتنە بنێتەوە، دنیا دابەش بكات لەنێوان كەسانی موتەدین و ناموتەدین.
سەرچاوە/ هاوڵاتی