ئەم وێنانە چەند دیمەنێكن لە پەرستشی تا ڕادەیەك نهێنی یارسانەكان یاخود(ئەهلی حەق) لە ئێران ،كە بەپێی ئامارەكان ژمارەی یارسانەكان لەو وڵاتە نزیكەی سێ ملیۆن كەسە و زۆربەشیان لە ناوچە كوردییەكانن.
یارسانەكان هەر لە ئێران بوونیان نییە ، بەڵكو نزیكەی 100 بۆ 150 هەزار كەسیان لە عێراق دەژین كە بە كاكەیی ناودەبرێن.
گەورەترین پەرستگەی یارسانەكان دەكەوێتە پارێزگای كرماشانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە دەكەوێتە ڕۆژئاوای ئێرانەوە، یارسانەكان كرماشان بە زێدی لەدایكبوونی ئایینەكەیان دادەنێن كە وای بۆ دەچن لە كۆتایی سەدەی چواردە و سەرەتای سەدەی پازدە سەریهەڵدابێت.
پەرتووكی ئایینی یارسانەكان بەناوی :"وتەكانی سەرانگام" ە كە ڕێنمایی تێدایە بۆ پەیڕەوانی ئایینەكە و لەلایەن سوڵتان ئیسحاقەوە پەرتووكەكە نوسراوە.
ئەو وێنانەی بی بی سی دەستیكەوتوون بەهۆی كەسێكەوەیە بەناوی "بەهناز حوسێنی" كە لە زانكۆی ئۆكسفۆرد دەخوێنێت و توێژینەوەیەكی لەبارەی كەمایەتیە ئاینییەكانی ئێران و عێراق نووسیوە و لەوكاتەشدا كە وێنەكانی گرتووە چەند ڕۆژێك لەناو یارسانیەكان و لە كرماشان ماوەتەوە.
یارسانییەكان پێیان وایە سوڵتان ئیسحاق یەكێكە لە حەوت بانگەشەكارەكانی ئاین لە دنیا كە خودا ناردوونی،بڕواشیان وایە ڕۆحەكان لەنێوان 1001 شێوەدا دەگۆڕێن.
ئەوانەی بڕوایان بەم ئایینە هەیە ، هەموو مانگێك جارێك لە شوێنێك كۆدەبنەوە كە پێی دەڵێن "جەمخانە" و كۆبوونەوەكەش بە "جەم" ناودەبرێت و بەشێوەی بازنەیی بە دەوری یەكدا ڕیز دەبن.
یارسانییەكان سێ ڕۆژ بە ڕۆژوو دەبن لە ساڵێكدا كە ڕۆژووەكەشیان دەكەوێتە مانگی تشرینی یەكەمەوە ، بۆ ڕۆژوو شكاندنیش هەر سێ شەوەكە لە دەوری یەك كۆدەبنەوە و نانێكی تایبەت بەو سێ ڕۆژە دروست دەكەن.
ئەوەی جێی سەرنجە ، هەنار لای یارسانییەكان میوەیەكی پیرۆزە و لە زۆربەی ڕێوڕەسمەكانیاندا دەبینرێت.
شتێكی دی جێی سەرنجی یارسانییەكان ، سمێڵی پیاوەكانیانە، ئەوان زۆرینەیان سمێڵ دەهێڵنەوە ، هەندێكیشیان هەر نایتاشن بە درێژایی ژیانیان.
هەتا ئێستاش دەستوری كۆماری ئیسلامی ئێران دانی بە یارسانییەكاندا نەناوە وەك ئایین،لەكاتێكدا دانی بە مەسیحی و جولەكە و زەردەشتیەكاندا ناوە، زۆرجاریش دەسەڵاتدارانی ئێران یارسانییەكان بە ڕەوتێكی سۆفی ناودەبەن.
یارسانییەكان لە ساڵی 2018 بە چاودێرانی نەتەوەیەكگرتوەكانیان ڕاگەیاندووە ، كە ڕێگەیان پێنادرێت لە ناسنامەدا خۆیان وەك یارسانی تۆمار بكەن، جگە لەوەی ڕێگەیان پێنادرێت هیچ شوێنێكی نوێ وەك پەرستگا دروست بكەن ، كاتێكیش كەسێكیان لێ دەمرێت ناتوانن بەپێی ڕێوڕەسمەكانی خۆیان بینێژن، هەروەها ڕێگەیان پێنادرێت پەرتووكە ئاینیەكەشیان چاپ بكەن بە بیانووی ئەوەی لەگەڵ یاساكانی كۆماری ئیسلامی ئێران یەكناگرێتەوە.
هەندێك لە یارسانییەكانیش ئاماژەیان بەوەداوە ، لەكاتێكدا گەنجەكانیان دەبرێنە سەربازی لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە ناچار دەكرێن سمێڵیان بتاشن یاخود كورتی بكەنەوە.