سیندرا بلادۆرس
وەرگێڕانی: فەرانەک ئەڵماسی
شتێکی ناحەز لە دڵی ئەم کۆمەڵگایەدا بوونی ھەیە. ڕوەتێکی بەردەوامی راپۆرتەتاڵەکان، ئازارە جنسیەکان ڕیز دەکات.قسە تەنیا لە سەر توندوتیژی بنەماڵەیی پیاوان نیە، ئەو تووندوتیژییەی سەرنجی زۆربەی خەڵک لە سەری چڕ بۆتەوە:بەڵکو ھەروەھا ئازاری منداڵان بە دەستی قەشەکان و مامۆستاکان لە ھەموو دامەزراوە ئایینیەکاندا، چەوساندنەوەی بەساڵاچوان، کەم ئەندامان،نەخووشە دەرونیەکان و منداڵان کە بڕیارە لە دامەزراوە جۆراوجۆرەکاندا پارێزگاریان لێ بکرێت: وھەروەھا ئازارە جنسیەکان لە زیندانەکان و کەمپەکانی دەستبەسەرکردنی پەنابەران.ماڵپەری "سامی سامی" باس لە رادەی بەرزی ئەو ئازارانە دەکات کە بەشدارانی جنسی ناو ھاوڕەگەز خوازان، دووجنس خوازان، ترنسەکان و ناوجنسیەکان و ھاوجنس خوازەکان دەکات.
سەرباری ئەمە، ھەموو پێداچوونەوەکان و کەڵکەڵە ڕیاکارانەکان لەلایەن سیاسەتڤانان و بەرێوەبەری پۆلیسەکان، جگە کۆمەڵێک دەستە واژەی بێناوەروک دەربارەی کولتووری توندوتیژی پیاوانە، ھەوڵێکی کەم بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم ڕاستیە ترسناکانە دراوە. لەکۆمەڵگای ئێمەدا توندوتیژی پیاوانە باوە، بەڵام ناتوانێت پەرەسەندنی بەربڵاو و فرەچەشنی چەوساندنەوەی جنسی، بۆنموونە لەڕێگەی ژنانەوە ڕوونبکاتەوە: ٤١ لەسەدی لەزبینەکان لەلایەن شەریکە جنسیەکانیانەوە ئازار دەدرێن.
ھەر بەو جۆرەی مارکس دەڵێت، گەر دەمانەوێت لەڕەفتاری مرۆڤ تێبگەین، دەبێت لەپێکھاتە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی کۆمەڵگاوە دەستپێبکەین. ڕەنگە بینینی پەێوەندیەکانی نێوان ڕێکخراوەکانی بەرھەمھێنان و توندوتیژی جنسی دژوار بێت، سەرباری ئەمە، ئێمە پێویستمان بە ناسینی(ڕێکخراوەکانی بەرھەمھێنان) ھەیە. بەڵگاندنەکەی مارکس ئەمە بوو کە لەچوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا، وزەی ئێمە بۆ کار، لەبرێ ئەوەی داھێنەرانە و سەرچاوەیک بێت بۆپەیوەندی لەگەڵ خەڵکیتر، لە دەروەی ئیرادەی ئێمەدایە و پێمان نامۆبوونەتەوە.
جەماوەری کرێکاران سەبارەت بە دۆخی کارەکەیان یاخۆد سەبارەت بەمەی کە ئایا کارەکەیان کەڵکدارەوە و چێژی لێدەبەن، قسەی کەمیان پێیە یاخۆد ھیچ قسەیەکیان پێنیە. ئەگەر قاوە دەخون یاخۆد جلوبەرگ یان یاریە ڤیدیۆیەکان دەفرۆشن، نازانن ئەوانە چۆن بەرھەمھاتوون، چ لەڕێگەی کاری بەردەکانەوە بەرھەمھاتبێتن و چ لەڕێگەی کرێکارانی یەکگرتوو بەحەقدەستی زۆرەوە. ڕەنگە بەرھەمھێنەران لەو پەڕی دونیا یان لەخوار جادەکەوە لێتان نزیک بن، بەڵام ئەوان ئێوە یاخۆد ئەو کەسانەی بەرھەمەکانی ئێوە دەکڕن، ناناسن.
ئەمە بۆخۆی کۆمەڵێک بە داواھاتی جۆراوجۆری لەدوایە. وا دەردەکەوەێ چما ژیانی ئێمە لەژێر کارێگەری ھێزە نامۆکان، بۆنمونە ئابووری و بازاڕ دایە. جیھان وەک شتێکی نامۆ و لەت لەت ئەزمون دەکرێت کە دەرەنجامەکەی دەبێتە نامۆیی مرۆڤ لە مرۆڤێکی دیکە. سۆڵتەی واقعی سەرمایە بەسەر ژیانماندا، و ئەوەی کە فەیلەسووفی مارکسیست، بێرتێل ئۆڵمەن وەک " ئیزۆلەبوون و ڕمانی سرۆشتی مرۆڤ بۆچەند پارچەی پەست و دابڕاو" ئاماژەی پێدەکات، لە چەوەسێنڕاوەکاندا ھەستی لاوازی درووست دەکات. ئەمە سەرپۆشێکی ڕازاوی دەکێشی بەسەر پێکھاتەکانی سیستمی زاڵ و باڵادەستدا.
ئەگەر ناتوانن بیبینن کۆمەڵگا چون کاردەکات، ڕەتکردنەوەی ئایدیاکانی"عەقڵی باو" دژوار دەبێتەوە: ئەو ئایدیایانەی وا دەردەکەوێت ئەزمون دەنوێننەوە، بەڵام لەڕاستیدا بۆ پاساودانی برەویان پێدەدرێت. بۆنمونە کۆمەڵێک ئایدیای وەک ئەمەی کە: پێویستمان بە بەرپرسە کۆمەڵگا ڕێکبخا: ھەموومان تاکگەلێکین کە ھەریەکەو بەرپرسین لەپەێوەندیدا بەو شتەی کە ژیانمانی پێدروست دەکەین: ژنان بۆ ئیدارەکردن و بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەتی لەبار نین: تاکە پەیوەندی سرووشتی جنسی پەیوەندی جنسی ئاسایە و ھتد.
لەژێر سایەی سەرمایەداریدا، بازاڕ باڵادەستە و بەرھەمھێنان تەنیا بۆ قازانجە. ھەموو شتێک دەتوانرێت بفرۆشرێت، بۆنموونە پەیوەندی جنسی. بەمپێیە جەستەکانمان دەبنە چشت و وەک فرۆشتنی کاڵا کەڵکی لێوەردەگیرێت و لەپۆرنۆگرافیدا حقیر و بچووک دەکرێتەوە. ئارەزوە جنسیەکانی ئێمە پێمان نامۆ بوونەتەوە و لە پیشەسازی پۆرن و لە بەشێکی بەرینی کولتوری جەماوەریدا پیشان دەدرێت و لە کارلێکی مرۆیی خۆی دادەماڵدرێت.
زۆرجار بۆشایەکی گەورە ھەیە لەنێوان وێنەی سەر باکسی شۆکولاتەکان لە جووتێک عاشق و خۆشحاڵ، و دڵڕاوکێ و گوشارەکانی کار و خەبات بۆ میزانکردنی تێچوەکانی ژیان. بوونێک کە پێشوەخت نامۆبۆتەوە، کە لەرێگەی سۆڵتەی ئەوەیدیخوازی و تاک ھاوسەریەوە دەورە دراوە، دەتوانێت گوشاری گرژیەکان و تاڵیەکان تێکبشکێنێت.وەکیتر، ھەندێک لەپیاوان ئەوەندە کۆمەڵایەتی بوونەتەوە پێیان وایە مافی سۆڵتەیان ھەیە بەسەر کەسەکاندا، سەرەڕای ووشیاری سەبارەت بەمەی کە ژنێک ماف وئەگەری ھەڵبژاردنی کەمتری ھەیە، تۆڕەیی و سەرکوت کراوەیی خۆیان بەسەر ھاوژیانە مێینەکەیاندا دەڕژێنن. کەواتە، کۆمەڵێک ھۆکاری زۆری وەک ترس لە تەنیایی، ترس لە ئاشکرابوون لای بەرپرسەکەی، نەمانی سەربەخۆیی ئابووری یان خزمەتگوزاری، دەتوانێت ھەر جووتێک چ ژن چ پیاو و ئەوەیدیخواز یان کوویر بۆ درێژەنەدان بە پەێوەندێک بەبێ ئارەزو و بەم پێیە بەرامبەر ھەڕەشە و زۆرەملێ و چەوساندنەوە، تێکبشکێنێت.
توندوتیژی جنسی ڕێکخراو
دامەزراوە زنجیرەپلەیەکانی سەرمایەداری پشتیان بەو عەقڵانیکردنەوانە بەستوە کە کۆی پەێوەندیە مرۆیەکان لاواز دەکات و ھاودڵی مرۆیی دەکوژێ و لەئەنجامدا، مرۆڤ لەمرۆڤ بوون دادەماڵی. بۆنموونە، تەنانەت "کۆمیسیۆنی سەڵتەنەتی دەربارەی چەوساندنەوەی جنسی منداڵان" ھەرجۆرە شۆناسێک لەو کەسانەی کە باسی برینەکانی خۆیان دەکەن دادەماڵێت و لەگەڵ بکەرەکان و ئەو کەسانەی کە تاوەنەکانیان شاردۆتەوە، لەڕێگەی ئاماژە بە بەشداربوونی ھەموویان، یەکسان دەکات.کڵێسای کاتۆلیک، کە خۆی وەک دامەزراویەک کەڵکەڵەکەی خۆشگوزەرانی مەعنەوەی و مینۆکی پەێڕەوەکانیەتی دەناسێنێت، ناتوانێت بەشێوەیەکی مرۆیی و ھاودڵانە وڵامی ئەو خەڵکەی کە بەئاشکرا بەدەستی قەشە منداڵبازەکان "پێدوفیل" تووشی برینی دەرونی بوون، بداتەوە.ستەملێکراوان،بەتایبەتی ئەوانەی لەژێر دەسەڵاتی دامەزراوە ھەبووکاندان، خەساری زۆرتریان بەر دەکەوێت.منداڵان،کە وەک سەروەتی باوک و دایکیان چاویان لێدەکرێت خاوەنی ھیچ مافێک نین. ئەگەر دەوڵەت بنەماڵەی منداڵە دیاریکراوەکان بە ئەمینی خۆی نەزانێت، دەتوانێت ئەو منداڵانە بە ڕەزامەندی خۆیان یان بە بێڕەزامەندی خۆیان لە بنەماڵەکانیان جیابکاتەوە و بیانخاتە پانتای دۆخی چەوساندنەوەی سیستەماتیکەوە. تەنانەت خۆ جیاکردنەوە و ئاڵوگوڕپێکردنی منداڵان ئاسانتر دەکاتەوە.
بەساڵاچووان،کەمئەندامان ونەخۆشەکان بەپێی مافەکانیان،بەڵکوو لەرێگەی پێداویستیە جەستەییەکانیانەوە پێناسە دەکرێن. ئەوانە زۆریان لەژێر کۆنترۆڵی کەسانێکدان کە ئەرکی سەرشانیانە تەمێیان بکەن و لە سیستەمەکانی دەستوری"برۆکراتیک"بەسەریاندا زاڵ و باڵادەست بن. بەرپرسان وەک پاسەوانەکانی زیندان، مامۆستاکانی قۆتابخانە، پەرەستارەکان و ھتد خۆیان نامۆبوونەتەوە، ئەوانە ھەر کامییان بەشێوەیکی زیانھێنەرانە پەروەردە کراون، حەقدەستی کەم وەردەگرن، و زیاد لەپێویست کاردەکەن. تائەو شوێنەی کە ژیانێکی سەخت و بەدیسیپلین دەژین، و ڕەنگە بۆ خوشیان بێبەخت و ناڕازی بن.بەڵام چونکوو ڕۆڵەکەیان وایان ڕادێنێت لەگەڵ خەڵکدا وەک چەشت مامەڵە بکەن، بۆ ئەوان ھێندە جیاوازی نیە تاکوو لەگەڵ کەسەکان لەپانتای بەرپرسیاریەتی خۆیدا وەک ئۆبژەی پاڵنەرەکانی خۆی بجووڵێت- سەکورت، تۆڕەیی یاخۆد پێویستی جنسی. لەنێوان گرنگینەدان بە پێویستیەکانی کەسی ژێردەسەڵاتیان، توندوتیژی فیزیکی یان دەروونی، و ئازار دەشێت جیاوازێکی لێڵ و نادیار ھەبێت.
کاتێک ئەوانە دەوری ستمکارانە دەگێرن لە زنجیرەپلەیەکدا، نەک وەک کردەیەکی دژە مرۆیی، بەڵکوو تەنیا وەک ئاراستەیەکی حەتمی تێیدەگەن. دەوریان پاراستنی نەزمە، جا بەھەر شێوەیەک کە مومکین بێت. ئاشکرایە کە کۆمەڵگا پشتیوانی لەڕەفتاری نەشیاو و ناماقووڵ ناکات، بەڵکوو خەرمانەیەک لە ڕازداری و نھێنیکاری بەرھەم دەھێنێت کە پانتای تایبەتی جنسیترین چالاکیەکان دەنوێنێتەوە و بەم پێیە سەپاندنی دەسەڵات "ئێرۆتیزە" دەکاتەوە. ئەمە لەخۆیدا ئەوە ڕووندەکاتەوە بۆچی ئازارەکان تا ئەم ڕادیە جنسین.لەلایەکی دیکەوە، دەستدرێژی جنسی بەئاشکرا وەک شتێکی تێکدەرتر لەتوندوتیژی فیزیکی(کۆتان و لێدان) یان فۆرمەکانی دیکەی کۆنترۆڵ ئەزمون دەکرێت. لەناو چیرۆکەکانی عەزاب و خۆکوژیدا، کە تێکدەری ژیانی ئەو کەسانەیە لەمنداڵیدا ئازاری جنسی دراوەن،یان ئەو ژنانەی کە لەلایەن ھاوژیانە ناوبراوەکەی خۆیانەوە چەوسێندارونەتەوە، ھەست بە ڕەنج و ژانێکی گەورە دەکرێت.ترس لە دەستدرێژی، خوازە و مێتافۆڕێکە ئەزمونی پیاوان لەزیندان لەخۆیدا کۆدەکاتەوە، کە بەدترین ڕووداوە بۆ پیاوێک. ھێمۆفۆبیا پەرەدەدات بەم ترسە، ھەروەھا بچوکبوونەوەی بۆئاستی ژنێک لەگەڵ ئەم وێنایانەدا پەیوەندیەکی نزیکی ھەیە. بەم پێیە، ئازاری جنسی یان تەنانەت ھەڕەشەکەی لە دۆخە دامەزراوە و رێکخراوەکاندا، دەتوانێ زیاد لە فۆرمەکانی دیکەی دیسیپلین یان سزا بەگشتی ئێرادەی قوربانی بۆ خۆڕاگری لەناوببات.
ئەم دینامیزمە ھاوشێوەی دینامیزمێکی دیاریکراوە لەناو پەیوەندیە شەخسی و کەسیەکاندا، ئەو شوێنەی کە ھەوڵەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ھاوژیانەکەدا یان ڕاگترنی ھاوژیانەکە بۆ جیابوونەوە دەرئەنجامەکەی دەتوانێت ببێتە ڕەفتاری توندوتیژئاسای گەشەکەر.سەرباری ئەمە، دەوڵەت کەڵکوەرگرتن لەتوندوتیژی جنسی وەک ڕێگایەکی باوەڕپێکراو بۆ بەڕێوەبردنی نەزم و کۆنترۆڵ پەرەدەدات و ڕەوایەتی پێدەبەخشیت. لەکۆی ئاستەکاندا بەم جۆرە تێدەگەن کە لەڕاستیدا نابێ توندوتیژی جنسی ڕووبدات، بەڵام داننان بە ڕوودانی توندوتیژی جنسیدا، دەمامەکی نەزم و حەیا دادەدڕێت. بەمپێیە، توندوتیژی جنسی نەک قەبوڵ دەکرێ بەڵکوو چالاکانەش دادەپوشرێت: ئێفشاگەران لەجیات جنێوفرۆشان و دەستدرێژان قۆربانی دەکرێن کە ئەمە خۆی دەبێتە ھۆی حەزەرکردن ئێفشاگەری.
حکومەتەکان و ھێزەکانی پۆلیس لەھەموو دوونیادا،لەدرێژەی سەدەکاندا، قەڵغان بوون بۆکڵێسەکان و دامەزراوەکانی دیکە، لەحاڵێکدا کڵێسەکان و ھەندێکی دیکە لەدامەزراوەکان پەنایان داوە بە جنێوفرۆشانی جنسی و تەنانەت پەرەشیان پێداوە.دەوڵەتەکان لە سەرانسەری جیھاندا بە پشتیوانیکردن لەم دەرکەوتانە، کەڵک لەدەستدڕێژی بۆسەر ژنان و پیاوان وەک چەکی جەنگی وەردەگرن. ئەم فێڵە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە سیستەمەکانی ئەشکەنجەدا کەڵکی لێوەردەگیرێت. لەزیندانی "بەدناوەی ئەبۆغەریب" لە عێراقدا، سەربازانی وڵاتە یەکگرتوەکان، کە نزیک بە نێوەیان ژن و لەژێر فەرمانی"ژنڕاڵ جانیس کارپینسکیدا" بوون، لەکۆمەڵێک چالاکیدا بەشداریان کرد کە دەستدڕێژی و ھەڕوەھا باقی شێوازەکانی بچووککردنەوەی جنسیشی دەگرتەوە، ئەو شێوازانەی کە بەمەبەستی دابەزاندنی ورەی ژنان و پیاوان دادەڕێژران.
ڕێگای چارەسەر چیە؟
بێگۆمان ڕێگای چارەسەر زیندانی زۆرتر، لەحوکمی درێژماوەتر و زۆرەملێ، واتە ھەمان رێگەچارەی پەسەندکراوی حکومەتەکان و پۆلیس نیە. ھیچ کام لەمانە بەری پێناگرن: ئەمانە بۆخۆیان ئەو پێکھاتانە بەھێزدەکەن کە توندوتیژی جنسی ئاسایی دەکەنەوە و خەڵکانێکی تۆڕەتر و بەخۆنامۆتر لەھەمیشە پێشکەش بە کۆمەڵگا دەکەن. بەپێی بەرتەسکیە پێکھاتیەکان بۆ ھەڵبژاردنی فەردی و دینامیزمی برۆکراسیەکان بە ئاراستەی سڕینەوەی ئینسان، جێگەی خۆشبینیە ھەموو ئەوانەی کە ھاوتەریب لەگەڵ ئەرک و پیشەی خۆیاندا ھەوڵ دەدەن نەزم و دیسیپلینی ھەبوو بپارێزن. ڕەنگە کاریان بەتەواەتی کورت نەکرێتەوە بۆ ئازاری ئەو کەسانەی لەژێر ئاگاداری یان دەسەڵاتەکەیاندان: چونکوو ئەوانە تەنیا ئافرینراوانی ماشینی و مێکانیکی زەنجیرەپلەیی نین. بەڵکوو زۆربەیان لەو دامەزراوانەدا کە کاری تێدا دەکەن فۆرمێک لە ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بۆ پارێزگاری لەخەڵک دەردەخەن.
ئەم ڕاستیە ئاماژەیە بۆ ڕێگای دەربازبوون لەم گرفتە. ڕێکخراوە ئێتحادیەیەکان و خەباتی دەستەی جەمعی دەتوانن ئایدیای ھاوبەستی و ووشیاری چینایەتی پەرەپێبدەن. وەھا ئاراستەیەک دەتوانێ ھەندێک پڕچەکرداری مرۆیی و ڕێزدارانە لەلایەن دەسەڵاتداران یان ئەو کەسانە لە کۆمەڵێک پەیوەندی نابەرابەردان، بگەێننە لۆتکەی خۆی. لێرەوە، بۆنەھیشتن و لەبنکەندنی تەواوەتی توندوتیژی جنسی، دەبێت ئەو پێکھاتانە لەناو ببەین کە ئەم توندوتیژیە وەھا قوڵ تیایدا ڕەگی داکوتاوە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە:
https://redflag.org.au/article/roots-sexual-violence
http://praxies.org/?p=٥٠٨٦