سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

زەردەشتییەكانی كوردستان خۆیان ڕێكدەخەنەوە

11/01/2020


پەیڕەوانی ئاینی زەردەشتیی هەوڵی یەكخستنی ناوماڵی خۆیان دەدەن، لەو چوارچێوەیەدا دوو ڕێكخراوی زەردەشتیی لە شاری سلێمانی دامەزراندنی سەرای زەردەشتیانی كوردستان-یان ڕاگەیاند.


 ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەمنەسوورەكەی شاری سلێمانی، هەردوو ڕێكخراوی مەرێ بۆ فەلسەفەی زەردەشتی و ڕێكخراوی یەسنا بۆ گەشەی فەلسەفەی ئاینی زەردەشتی، دامەزراندنی سەرای زەردەشتیانی كوردستان-یان ڕاگەیاند.


بە وتەی بەرپرسانی ئەو دوو رێكخراوەی زەردەشتیەكان " سەرای زەردەشتیانی كوردستان" دەبێتە چەتری كۆكردنەوەی ڕێكخراو و كەسایەتییەكانی پەیڕەوی ئەو ئاینە.

لەوبارەیەوە ئاوات حسامەدین، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی یەسنا بۆ گەشەی فەلسەفەی ئاینی زەردەشتی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا ڕایگەیاند: سەرای زەردەشتیانی كوردستان هەموو ڕێكخراوەكانی زەردەشتیی لەخۆ دەگرێت و هەركەسێكیش بییەوێت ڕێكخراو لەچوارچێوەی فەلسەفەی زەردەشتیدا دابمەزرێنێت، دەبێت مۆڵەت لەو سەرایە وەربگرێت.


سەرای زەردەشتیانی كوردستان فیدراسیۆنێكی زەردەشتییەكان دەبێت لە هەرێمی كوردستان و بارەگاكەیان لە شاری سلێمانی یە، وەك لە بەیاننامەی ڕاگەیاندنی فیدراسیۆنەكەشدا ڕوونكراوەتەوە، ئامانج لە پێكهێنانی ئەو سەرایە بۆ یەكڕیزیی ناوماڵی زەردەشتییەكانە، وەك خۆیان دەڵێن "تاببێتە مەشخەڵێك بۆ ڕووناككردنەوەی ڕێگا تاریكەكانی سەروەری نەتەوەیی كورد".


وەك خۆیان ئاماژەی پێدەكەن پەیڕەوانی ئاینی زەردەشتی ژمارەیان لە كوردستان  بە سەدان هەزار كەس هەژمار دەكرێت ، نوێنەریان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێمی كوردستان هەیە و چوار ڕێكخراوی بیری زەردەشتیش بە ڕەسمی مۆڵەتی كاركردنیان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێدراوە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.