سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

داهاتوی سەلەفییەت لە سعودیە

25/01/2020


سەلەفییەت، لە كورتترین ناساندنیدا خۆپابەندكردنە بە باوەڕی پێشینانی باوەڕدارانی ئیسلام، ئەم بیروباوەڕە چەندین لقی لێ بوەتەوە و هەریەك خۆی لەوی دیكە بە پابەندتر دەزانن بە بیروباوەڕی پێشینانی ئیسلام.

ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە لێی بدوێین تەرزێكی سەلەفییەتە كە جیاوازییەكی ئەوتۆیان لەگەڵ ئەوانی دیكەدا نییە لە بیروباوەڕدا، تەنها لە بابەتی -وەلائو بەرائدا- نەبێت. پێیان وایە كە هەركەسێك بو بە دەسەڵاتتدار ئەوە ئیدی پێشەوای باوەڕداران (امیر المومنین) و وەلی ئەمرە.

پێویستە لەسەر هەمو خەڵك  گوێڕایەڵیی بكەن و لە فەرمانەكانی دەرنەچن، هەر جۆرە ناڕەزایەتییەكیش دەچێتە قاڵبی ئاژاوەنانەوە و هەر جۆرە پارتێكیش لە بەرامبەر پارتی دەسەڵاتدار بریتییە لە حەرامێتی و داهێنان لە ئاییندا.

ئەم جۆرە هزرە ئێستا لە سعودیە و لە جیهانی مسوڵمانان بە سەلەفییەتی (مەدخەلی) ناسراوە، كە دەدرێتە لای كەسێك بە ناوی (ربیع بن هادی المدخلی). ئەم كەسایەتییە دەوڵەتی سعودیە بە هەمو شێوەیەك پاڵپشتیی دەكات و نوسراو و وتارەكانی بڵاو دەكاتەوە. ئەویش لە پاڵ دەسەڵاتدا كار دەكات و بە فەتواكانی دەیپارێزێت.

سەلەفییەت لە سعودیە بەم شێوەیە دەتوانێت كار بكات، ئەوەش پێی دەگوترێت (سەلەفی جیهادی و حزبی) بە هەمو شێوەیەك ڕێگەیان لێ دەگیرێت. ساڵانە ژمارەیەك لە ئەندامان و لایەنگرانیان دەستگیر دەكرێت. سەلەفییەكانی سعودیە لە ڕێگەی فەتواكانیانەوە كەشێكی داخراوی ئایینییان لەو وڵاتە دروست كردوە، بە تایبەت بە فەتواكانیان دەربارەی ئافرەت و گەنج و تەكنەلۆژیا و … هتد.

لە پاش هاتنەسەر دەسەڵاتی (سەلمان كوڕی عەبدولعەزیز)، ڕایەكی وا دروست بو كە ئیدی سەرەتایەك دەبێت بۆ كۆتاییهێنان بە سەردەمی داخرانی ئایینی و كرانەوەی سعودیە بە ڕوی دنیای دەرەوە و لاوازكردنی سەلەفییەت، بۆ ئەم مەبەستە  كۆنفرانسی (مەككە) لە (19 – 21/3/2017) بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (شا سەلمان) لەژێر دروشمی (ئاڕاستە فكرییە جیاوازەكان لە نێوان ئازادیی ڕادەربڕن و بنەما چەسپاوەكانی شەریعەتدا) كە ژمارەیەكی زۆر لە لایەنگری و بیرە جیاوازەكانی تێدابو، بە تایبەت ژمارەیەك كەسایەتیی دیاری (ئیخوان).

یەكێكی دیكە لەو كەسانەی كە بە كەسایەتییەكی كراوە دەناسرێت (محەمەد كوڕی سەلمان)ە كە جێنشینە و كەسێكی گەنجە، بە هەڵسوكەوت و دیدارەكانیدا دەردەكەوێت كە پەروەردەی نەوەی نوێیە و كراوەیە بە ڕوی جیهانی دەرەوەدا.

بە پێی هەواڵی سایتی ئاڕتی RT ڕوسی، محەمەد بن سەلمان ڕایگەیاندوە"پێویستە زۆر بكرێینەوە بە ڕوی جیهانی دەرەوەدا و گەنجی سعودیە گەنجی ساڵانی حەفتا و هەشتاكان نییە و داواكاری و ویستی زیاتر بوە. پێویستە ئێمە ئەو دەرفەتەیان بۆ بڕەخسێنین، من گەنجم و حەفتا لە سەدی خەڵكی وڵاتەكەشم گەنجن. ناكرێت تەمەنێكمان بەم شێوە هێناوە و هەر ئاواش بەردەوام بین. پێویستە گۆڕانكاری و چاكسازی بكەین، بەڵام دودڵیشم لە وەرگرتنی ئەم چاكسازییە لە لایەن كۆمەڵگە و خەڵكەوە! ئەگەر ڕێگە بەوە بدرێت ئەوە سنوری گەشەسەندنی تاوەكو ئاسمانە".

ئەم وتانە ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە هەوڵێك هەبێت بۆ چاكسازی لەسعودیە لە ڕوی ئاییندارییەوە و سنوردانانێك بۆ سەلەفییەت، چونكە جیهانی دەرەوە لە پێشكەوتن بەردەوامە و دەسەڵاتدارانی سعودیەش دركیان بەو چەقینە كردوە لە بیركردنەوە و ئاییندارییاندا.

بەڵام كرانەوە لە سعودیە زۆر زەحمەتە ڕو بدات و بە شێوەیەك كە پێدەچێت لە چوارچێوەی چەند هەوڵێكی كرچوكاڵ و ڕوكەش بێت نەك ڕیشەیی.

لە ساڵی (2016) كۆنفرانسی (ئەهلی سوننە و جەماعەت)  لە لایەن (ڕەمەزان قادریۆف)ی سەرۆككۆماری شیشانەوە بەسترا. تیایدا سەلەفییەت وەك بەشێك لە ئەهلی -سوننە و جەماعەت-ناوی نەهات! هیچ كەسایەتییەكی سەلەفی لە سعودیە بانگهێشت نەكرا. ئەمەش ناڕەزایەتییەكی توندی بە دوای خۆیدا هێنا. كۆنفرانسی (مەككە)ش هەوڵێك بو بۆ وەڵامی ئەو كۆنفرانسە.

(محەمەد بن سەلمان)، زۆر لاوازانە دەدوێت و لە وتەكانیشدا جەختی لەوە كردوەتەوە كە: ״پابەند دەبین بە كولتور و ئایینمان و پارێزگاریی لێ دەكەین״. دیارە مەبەست لە ئایین و كولتور، هەمان ئەو شێوە ئاییندارییەیە بونی هەیە.

ماوەی  سێسەد ساڵ  دەبێت ڕێككەوتنێك هەیە لە نێوان دەسەڵاتی محەمەدی كوڕی سعود و محەمەدی كوڕی عەبدولوەهاب كە بە (میساقی درعیە) ناسراوە، ساڵی (1745ز). تیایدا دەسەڵاتی ئایینی بدرێتە محەمەدی كوڕی عەبدولوەهاب و شوێنكەوتوانی بۆ چەسپاندنی بیروباوەڕیان و دەسەڵاتی سیاسی (دنیایی) بدرێتە محەمەدی كوڕی سعود. هەردولا هاوكاریی یەكدی بكەن و پشتی یەكدی بەرنەدەن.  دەسەڵاتی سعودیە بە درێژایی سەردەمەكان تەواو پابەند بوە بەم ڕێككەوتنەوە.

دەسەڵاتی سعودیە و بە تایبەت (بنەماڵەی ئال سعود) زۆر بە توندی دژی بونی حزبی سیاسین، بە تایبەت حزبی ئیسلامی سیاسی. بە تایبەتتریش (ئیخوان موسلمین)، هەربۆیە بە هەمو شێوەیەك پاڵپشتیی سەلەفییەكان دەكەن تا وەك لەمپەرێكی بەهێز بەرامبەر بە دروستبونی حزبی ئیسلامی بوەستنەوە.

ئایینداریی سەلەفییەت لە جیهانی مسوڵماناندا و بەتایبەت لە سعودیە زۆر گرنگی بە بابەتی دەسەڵاتدار دەدەن و بە وەلی ئەمری مسوڵمانانی دەزانن. هەر جۆرە ناڕەزایەتییەكیش بەرامبەریان  دەرچونە لە ئایین. تەنانەت وەلی ئەمر لە لای ئەوان بۆی هەیە لێیان بدات و دەستدرێژیشیان بكاتە سەر، بەڵام ئەمان هەر بێدەنگی هەڵبژێرن. نابێت بە دڵیش غەیبەتی دەسەڵاتدار بكرێت، ئەمەش بوەتە هۆی دروستكردنی حەسانەیەكی ئایینی بۆ بنەماڵەی ئال سعود.

سەلەفییەت لە لایەن دەسەڵاتەوە وەك چەكێكی فكری بە كار دەهێنرێت دژ بە بیری شیعەگەرێتی و سیاسەتەكانی ئێران لە كەنداو و تەكفیر دەكرێن، خستنەگەڕی ژمارەیەكی زۆر ڕاگەیاندن بۆ سەلەفییەكان و پارەداركردنیان بۆ ئەو مەبەستە و سەركوتی شیعە لە ناوخۆدا.

سەلەفییەت، دژایەتیكردنی هەر جۆرە هزر و بیرێكی دیكەیە، بە تایبەت سۆفی و ئەشعەرییەكان و هەردەم بێباوەڕكردنیان.

ئەم هۆكارانە و چەندین هۆكاری لاوەكیی دیكە، وامان لێ دەكات باوەڕمان بە هیچ جۆرە گۆڕانكارییەك و چاكسازییەكی ئایینی نەبێت لە سعودیەدا. بەڵام هەردەم سعودیە لە داهاتوشدا لە گەشەسەندنی بەردەوامدا دەبێت، بە تایبەت پاش گرژبونی پەیوەندییەكانی ئێران و سعودیە كە گەیشتوەتە لوتكە.

لە هەموی گرنگتر ئەوەیە كە دەسەڵاتی ئال سعود هیچ بەدیلێكی جگە لە سەلەفییەكان نییە لە سعودیەدا كە هێندە دڵسۆزی دەسەڵاتەكەی بێت.
سەرچاوە/ ئاژانس

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.