سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

گفتوگۆیەك دەربارەی فێمێنیزم

03/02/2020


د.چۆمان هەردی، ژنە نوسەرو چالاكوان و مامۆستای زانكۆ لەم گفتوگۆیەدا دەڵێت "ئێمە پێویستمان بەوەیە گفتۆگۆ لەگەڵ فێمێنیستە ئیسلامییەكان بكەین. خەڵكی باوەڕدار رەنگە كەمتر گوێ لە فێمێنیستی عەلمانی وەكو ئێمە بگرن و زیاتر گوێ لە فێمینیستە ئیسلامییەكان بگرن. فێمینیستە ئیسلامییەكان شارەزای قورئان و شەریعەتن و هەوڵدەدەن تەفسیرێكی جیاواز بۆ ئەو دەقە ئایینیانە بدۆزنەوە كە بۆ چەوسانەوەی ژن بەكاردەھێنرێن".

بۆچی بە جێندەرییەكان دەوترێت نیۆ ماركسییەكان؟ بۆچی شەپۆلی دووەمی فێمێنیزم وەك ماركسیی‌ رادیكاڵ باسدەكرێت؟

د.چۆمان هەردی: پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەت بدەمەوە پێمباشە بە كورتی باسی مێژووی فێمینیزم لە رۆژئاوا بكەم، بۆئەوەی خوێنەرانتان وێنایەكی مێژووییان لەسەر ئەم بزوتنەوەیە ‌لا دروستبێت. شەپۆلی یەكەمی فێمێنیزم لە سەدەی نۆزدەھەمدا داوای مافە یاساییەكانی ژنی دەكرد، بۆ نموونە مافی دەنگدان یان مافی خودانكردنی منداڵ دوای جیابوونەوە لە ھاوسەر. بزوتنەوەكە دەیویست كە داھات و موڵكی ژن هی خۆی بێت و لە كاتی ھاوسەرگیرییدا نەبێتە هی مێردەكەی، چونكە تا ئەو كاتە لە رۆژئاوا میرات و موڵك و ماڵی ژن دەبوو بە ھی مێردەكەی. جگە لەوەی لەو سەردەمەدا ژن مافی جیابوونەوەی نەبوو و ئەمەش یەكێكی تر بوو لە داواكارییەكانی فێمینیستەكانی شەپۆلی یەكەم. دواتر شەپۆلی دووەمی فێمێنیزم لە شەستەكان و حەفتاكاندا لە ئەمریكا سەریھەڵدا و ھاوكات بوو لەگەڵ بزوتنەوەی مافی مەدەنی یەكسانی رەشپێستەكان و دواتریش لەگەڵ ناڕەزایی چەپەكان دژی جەنگی ڤێتنام. چەپەكان پێیانوابوو ئەمریكا هێزێكی داگیركار و چەوسێنەرە، بۆیە دژی ئەو جەنگە خەباتیان دەكرد. هەر لەو كاتەدا بزوتنەوەی فێمێنیزم خەریكی تیۆریزەكردنی چەوساندنەوەی ژن بوو، خەریكی بەهەرمهینانی چەمك و تیۆریی و شیكاریی بوو لە رێگەی لیكۆڵینەوەی مێژوویی، مەیدانیی، ئەدەبی و تیۆرییەوە، ھەروەھا خەریكی بەرفراوانكردنی مافی یاسایی ژن بوو، بە تایبەت لە رووی پاراستنییەوە لە توندوتیژی سێكسیی و مافی كۆنترۆڵكردنی جەستەی ژن لەلایەن خۆیەوە. ئەم بزوتنەوانە‌ پێكەوە گەشەیان سەند و بەشیكی ئەو فێمینیستانەی كە له ‌شەپۆلی دووھە‌مدا چالاكبوون ماركسیی بوون، بەڵام ھەموویان نا.

لەلایەكی ترەوە، لە سەرەتادا زۆربەی فێمینیستەكانی شەپۆلی دووھەمی رۆژئاوا سپیپێستەكانی ‌چینی ناوەڕاست بوون. فێمینیستە ئاسیایی و ڕەشپێستەكان یەكەمینی ئەو ژنانه ‌بوون كە ئاڵنگاریی ئەم گرووپەیان كرد. ئەوان وتیان ”ئێمە تەنها وەك ژنێك ناچەوسێنرێینەوه، بەڵكو بەهۆی رەشپێستبوون یان ئاسیاییبوونمانەوە دوبارە لەلایەن نەژادپەرستەكانەوە دەچەوسێنرێنەوە. ئێمە بەبۆنەی ئەوەی كە ژنین، رەشپێستین، كەمئەندامین یان سەر به ‌ئاینێكی جیاوازین بە شێوەیەكی جیاواز لە ژنانی سپیپێست دەچەوسێنرێنەوە.“ بێگومان له ‌ئەوروپا مەسیحییەت سەردەستە و ئایینەكانی تر پەراوێزدەخرێن، بە پێچەوانەشەوە لێرە كە ئاینی ئیسلام سەردەستە‌ و كەمایەتییە ئاینییەكانی دیكە زوڵمیان لێدەكریت. سەردەستەیی جیارەگەزخوازەكان بەسەر كەمایەتییە سێكسییەكانی دیكەشدا (واتە چەمكی سێكسوالیتی) شێوازێكی تری رێكخستنی دەسەڵاتە. بۆیە دوای ئەم رەخنانە، فێمینیستەكان باس لە یەكتربڕی چەمكەكانی دەسەڵات دەكەن.

میتۆدی یەكتربڕی چەمكەكانی دەسەڵات كە بە ئینگلیزییەكەی پێیدەگوترێت (‪intersectional approach) لێرەوە گەشەی سەند، چونكە مرۆڤ تەنها بەبۆنەی ژنبوونەوە لە كۆمەڵگەدا چەوساوە نییە، بەڵكو دەكرێت وەك چینی هەژار، كەسی ڕەشپێست و خاوەن پێداویستی تایبەت، یانیش وەك كەسێك كە سەر بە ئاینێكی جیاوازە بچەوسێنرێتەوە. كۆمەڵیك چەمك ھەن كە لە كۆمەڵگەدا دەسەڵات رێكدەخەن. جێندەر تەنها یەكێك لەم چەمكانەیە ‌و چینی كۆمەڵایەتیی، نەژاد یان گروپی ئەتنی، سێكسوالیتی، بوونی پێداویستی تایبەت و ئایین چەمكی ترن كە گروپێك پەراوێز و گروپێكی تر ناوەندە و دەسەڵاتدار دەكەن..‬

لەبەرچاوگرتنی فرەڕەھەندیی چەوسانەوەی ژنێكی ناموسوڵمانی ھەژار كە رەنگە ھاورەگەزخواز یان كەمئەندام بێت تێڕوانینمان بۆ كێشەكان فراوانتر دەكات. هەریەك لە ئێمە سەر بە گروپی جیاین. بۆ نموونە من ژنم، لە هەمان كاتدا سەر بەچینی ناوەڕاستم، جیاڕەگەزخوازم و كوردم. ھەریەكە لەم چەمكانە پێگەیەكی پێداوم. وەك ژنێك لەم كۆمەڵگە پیاوسالارەدا پێگەم لاوازە، بەڵام وەك كەسێكی سەربە چینی ناوەڕاست، وەك جیاڕەگەزخوازێك و كوردێك كە لە كوردستان دەژی، پێگەم بەھێزە. واتە ھەریەك لەم چەمكانە كاریگەرییان هەیە لەسەر ژیانی كەسەكان. مەرج نییە ژن ھەمیشە لە ھەموو پیاوەكان بێدەسەڵاتتر و چەوساوەتر بێت. بۆ نموونە ژنێك ئەندامی سەركردایەتی حیزبێكە و شوفێرەكەی یان باخەوانەكەی پێاوێكی ئێزیدی ھەژارە. راستە كە شۆفێر یان باخەوانەكە پیاوە و بەم بۆنەیەشەوە پێگەیەكی بەرزتری لە ژنەكە ھەیە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەم پیاوە ھەژارە و ناموسوڵمانە، بە شێوەیەكی گشتی پێگەی كۆمەڵایەتیی ئەو نەویترە لە ھی ژنەكە. بۆیە ئێستا زۆرینەی فێمینیستەكان پێداگریی لەسەر یەكتربڕی چەمكەكانی دەسەڵات دەكەنەوە. ئێمە باسی عەدالەتی كۆمەڵایەتی دەكەین بەسەرجەم لایەنەكانییەوە.

گەر بگەڕێمەوە سەر پەیوەندی نێوان فێمینیستەكان و چەپەكان دەبێت بڵێم كە ھەندێك نزیكایەتی ھەیە. بە شێوەیەكی گشتیی گەر سەیری داتاكانی جیھان بكەیت دەبینیت كە پەیوەندی هەیە لەنێوان ژنبوون و ھەژارییدا. زگورت-دایكەكان لە وڵاتە گەشەسەنەكاندا زۆرینەی چینی ھەژار پێكدێنن، چونكە ژن داهاتی كەمترە لە پیاو و ئەركی بەخێوكردنی منداڵیشی لە ئەستۆدایە. لەلایەكی ترەوە ژنی ماڵەوە ھیچ داھاتێك وەرناگرێت لە بەرامبەر بەڕیوەبردنی ماڵدا. ھەموو كارەكانی ئەو بۆ بەخێوكردنی منداڵ، پاكراگرتنی ماڵ و بەڕێكردنی كاروبارە كۆمەڵایەتییەكان، بێبەرامبەرە. ‌تەنانەت كاتێكیش ژن لە ‌دەرەوە ئیش دەكات زیاتر ئەو كارانە ئەنجامدەدات كە مووچەی كەمترە لە پیاو، بۆ نموونە زۆرینەی ڕەهای ژن كارمەندە و بەرێوەبەر نییە، كرێكارە و خاوەنكار نییە، ئەندامە لە حیزب، بەڵام پێگەی سەرۆكایەتیی نییە.‌ بۆیە هەندێك لە فێمینیستەكان پێیانوایە چەوساندنەوەی ژن وەكو ژن و چەوسانەوەی ئابووریی ژن دەبێت پێكەوە شرۆڤە بكرێن. بەڵام ئەمە گفتوگۆی زۆری لەسەرە و تێكستی زۆری لەلایەن فێمنیستەكانەوە لەسەر نوسراوە، چ‌ ئەوانەی لەگەڵ ماركس ھاوڕان و چ ئەوانەش كە ھاوڕا نین.

ئەوانەی لەگەڵ ماركسن پێیانوایه چەوسانەوەی ژن و چەوسانەوەی ئابووریی ژن یەك شتە. ئەوانەی لەگەڵ ماركس نین پییانوایە نابێت چەوسانەوەی ژن لە چەوسانەوەی ئابوورییدا كورتبكرێتەوە. بۆ نموونە ئەوان بیرمان دێننەوە تەنانەت لەناو ئەو كۆمەڵگەیانەش كە سەرمایەداریی بوونی نییە و جیاوازی چینایەتی كەمە ژن هەر شوێنگەی نەویترە لە پیاو، تەنانەت دوای دامەزراندنی سیستەمی كۆمۆنیزمیش هەر ژن چەوساوە بوو.  بۆیە نابیت چەوسانەوەی ژن كورتبكەینەوە بۆ بواری ئابووریی و چینی كۆمەڵایەتی.

ئایا ئەوەی لە ‌كورستاندا گوزەراوە توانیویەتی ئامانجەكانی فێمێنیزم بپێكێت؟ یا كۆمەڵێك ژن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان كاریان كرددوە و جوڵانەوەیەكی بێ هۆشیارییە؟

د.چۆمان هەردی: كوردستان چونكە هێرشێكی زۆری دەكرێتە سەر. بەڵام دەبێت بیرمان بێت كە ئەم بزوتنەوەیە بە هەموو كێشەكانییەوە كە هەیبووە توانیوێتی ھەندێك گۆڕانكاریی بكات. بۆ نموونە ئەو رێفۆرمانەی لە یاساكاندا كراون، دروستبوونی شێڵتەر و دواتر دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژیی و ئەنجومەنی خانمان لە دەرئەنجامی فشار و كاری ئەم بزوتنەوەیەوە بووە‌.

ئێستا ژنانێك پێگەیشتوون كە قسەدەكەن و ئامادەگییان هەیە. تازە ئەم پرسە بۆتە پرسێكی گشتیی ‌و نوێنەرایەتی دەكرێت. هەرچەندە زۆرینەی خەڵك پشگتیریی ئەم بزوتنەوەیە ناكات، بەڵام ژمارەیەكی زۆر ژن لە بواری سیاسەت و میدیا و ئیدارەدا دەركەوتوون و چیتر كەس ناتوانێت بڵێیت ژن توانای ئەم كارانەی نییە.‌ زۆربەی لێكۆڵینەوەكان لەم بوارەدا جیاوازی دەكەن لەنێوان بزتنەوەی كۆمەڵایەتیی لەلایەك و رێكخروەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی لە لایەكی ترەوە. بێگومان جیاوازی هەیە لە نێوانیاندا. بزوتنەوە كۆمەڵایەتییەكان خۆرسكانە، لەسەر شەقامەكان و لەلایەن كەسانی خۆبەخشەوە دروستدەبن. بۆ نموونە لە بەریتانیا، لە كۆتایی سەدەی نۆزدەدا ژنێك بە ناوی ئێمیلی دەیڤیدسن چووە ناو بزوتنەوەی مافی دەنگدانەوە، واتە شەپۆلی یەكەمی فێمینیزم. ئەو بە پیشە مامۆستا بوو بەڵام وازی لە مامۆستایی ھێنا و وەك خۆبەخشێك بۆ بەرگریكردن لە مافی ژن لەم بزوتنەوەیەدا بەشدارییكرد. پاشان‌ چەندین جار زیندانی كرا و بەزۆر خۆراكی درایە تا نەمرێت. دواجار ئەسپەكەی شای بەریتانیا بەسەریدا رۆیشت و كوشتی. ئەم بزوتنەوە كۆمەڵایەتییە لەناو خەڵكەوە هاتووه و  خۆرسكە و پەیوەندییەكی باشی لەگە‌ڵ خەڵكی شەقامەكان هەیە بە ھەموو چین و توێژە جیاكانەوە، بۆیە بەهێزە. بەڵام یەكێك لە كێشەكانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدە‌نی ئەوەیە كە لەلایەن كۆمەڵێك خەڵكی چینی ناوەراستی خوێندەوارەوە دروستكراون و بۆ بەڕێكردنی كارەكانیان دەبێت فەند وەربگرن. ئەگەر دۆنەرەكە بواری گرنگییپێدانی خۆی گۆڕی، ئەو كاتە رێكخراوەكەش دەبێت كارەكەی و ئامانجەكەی بگۆڕێت. بۆیە زۆرجار رێكخراوەكان بەلارێدا دەبرێن. لەهەمان كاتدا دەبینین رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەبەرئەوەی پەروەردەكردن، پاراستنی ئاسایشی ستاف، دابینكردنی بژێوی ژیان و ھەندێك مافی سەرەتایی كەسەكانیان تێدا پاریزراوە دەتوانن نەفەس درێژبن و بۆماوەیەكی زۆر بمێننەوە. بەڵام بزوتنەوەكان جاری وا هەیه بەبۆنەی نەبوونی پشتگیریی دارایی و نەبوونی ئاسایشەوە دەپڕووكێن و‌ لە ماوەیەكی كورتدا كپدەبن یان كپدەكرێن. هەر یەكە لە بزوتنەوە و رێكخراوی مەدەنی خاڵی باش و خراپی خۆیان هەیە. رێكخراوەكان ئەو كەلێنانە لە خزمەتگوزارییدا پڕدەكەنەوە كە حكومەت جێبەجێیان ناكات، بەڵام لەلایەكی ترەوە كەلێنێك هەیە لەنێوان رێكخراوەكان و ژنانی سەر جادەدا.‌ داكۆكیكردن لە دادپەروەریی، جا ئەوە دادپەروەریی جێندەریی بێت یان ھەر بوارێكی تر، تەنھا بە كاری رێكخراوەیی ناكریت، بەڵكو دەبیت لێكۆڵینەوە و بەرھەمھێنانی شرۆڤە و تیۆری لەگەڵدا بێت. رێكخراوەكان كارەسات و دیاردەكان دەبینن و ھەوڵدەدەن چارەسەری بكەن، بەڵام گەر لێكۆڵینەوە نەبێت ناتوانن بە شێوەیەكی دروست كار لەسەر‌ نەھێشتنی هۆكارەكانی بكەن.

له ‌هەموو كۆمەڵگەیەكدا دەبێت كەسانێك ھەبن كە داكۆكی لەو كەسانە دەكەن كە زۆڵمیان لێدەكرێت. رێكخراوەكان لەوەدا باشن، بەڵام دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەی كێشەكان. رێكخراوەكان كەمتر بواریان هەبووە بگەرێنەوە بۆ سەرچاوەی كێشەكان، چونكە بزوتنەوەكە لە ڕووی مەعریفییەوە ماوەیەكی زۆر دابڕاوە و لە ڕووی سیاسیی و كۆمەڵایەتیشەوە دژایەتیكراوە. هەروەها ھەندێك سەركردەی ئایینی رۆڵیان هەبووە لە بە ئامانجكردنی ژنانی چالاكواندا. نەبوونی ئیرادەی سیاسیش بۆ گۆڕانكاریی كێشەیەكی گەورەیە.

 

د.چۆمان هەردی

لە رووی مێژووییەوە كۆمەڵگا سەرەتاییەكان ھێندەی عەقڵگەرایی و مۆدێرنە بۆ لێدان لە ژن و خزمەتكردنی پیاو بەكارنەھاتوون، كەواتە ئایا مۆدێرنە و رۆشنگەریی چارەسەرن؟

د.چۆمان هەردی: لێكۆڵینەوەی ئەتنۆگرافی سەبارەت بە ھەندێك هۆز و خێڵی دورەدەست و سەرەتایی كە ھێشتا جیھانگیریی و مۆدێرنەیان پێنەگەیشتووە وا پیشاندەدەن كە ژن لەم كۆمەڵگەیانەدا دەسەڵاتی یەكسانی ھەبووە لەگەڵ پیاو. بەڵام ئەم ئەنجامگیرییانە كەوتوونەتە ژێر پرسیارەوه.‌ شێری ئۆرتنەر دەڵێت تەنانەت لەو هۆزانەشدا كە گوایە ‌ژن وەكو پیاو تەماشادەكرێت و مافی یەكسانی ھەیە، هێشتا ژن له ‌كاتی سوڕی مانگانەدا وەكو سەرچاوەیەك بۆ پیسبوون تەماشادەكرێت و رێگەی پێنادرێت لە ھەندێك كار و سروت و رەفتاردا بەشداریی بكات، بەڵكو دووردەخرێتەوە لە ھەندێك شوێن و ھەندێك كەس. كەواتە گەرچی ئەمجۆرە ناوهاوسەنگییەی لەناو كۆمەڵگەی مۆدێرندا دەیبنرێت لەوێ نییە، بەڵام هێشتاش هەر جیاكاریی دەكرێت، چونكە ئەو ژنانەی سوڕی مانگانەیان ھەیە بۆیان نییە دەست لەخواردن بدەن، نابێت لە جەنگاوەركان نزیكبنەوە، چونكە گوایە بێهێزیان دەكەن، ناتوانن هەندێ سروتی ئاینیی ئەنجام بدەن. لەم كۆمەڵگەیانەدا ژن بە هۆی بایۆلۆجیاوە وەك سەرچاوەی پیسبوون سەیردەكرێت،‌ بۆیە تێڕوانینێكی یەكانگیر نییە لەسەر ئەوەی كە ئایا لە كۆمەڵگە سەرەتاییەكاندا مافی ژن یەكسان بووە لەگەڵ پیاو یاخود نە. ‌رەنگە لە ھەندێك رووەوە باشتربووبێت، بەڵام شێوازێكی پیاوسالاریی ھەر بوونی ھەبووە‌.

پیاوسالاریی فۆرمی جیاوازی هەیە كە بە گوێرەی گەشەسەندنی كۆمەڵگەكە، دەگۆڕدرێت. بۆ نمونە له ‌سەردەمی فیودالیزمدا پیاوسالاری بە شێوەیەك بووە، بەڵام‌ لە سەردەمی سەرمایەدارییی و سۆشیالیزمدا بە شێوازێكی ترە. كەواتە ئەوەی تێبینیكراوە پیاوسالاری مرونەتی زۆرە و دەتوانێت لەگەڵ گۆرانكارییە جیاكاندا خۆی بگونجێنێت. دەبینین لە كوردستاندا یاسا دەگۆڕدرێت و ئیتر ژنكوشتن تاوانه، بۆیە ھەندێجار پیاو لە رێگەیەكی ترەوە ژن لەناودەبات، بۆ نموونە ھێندەی ئازاردەدات و دەیچەوسێنێتەوە تا ژنەكە خۆی دەكوژێت. ھەروەھا دوای پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و گۆڕانكاری ئابووریی و سیاسیی لەم ھەرێمەدا، پیاوسالاری  رێگای دیكەی دۆزییەوە بۆ خۆگونجاندن و بۆ چەوساندنەوەی ژن. بەبۆنەی ھاتنی ئینتەرنێت و سەتەلایت و مۆبایلی زیرك و تەماشاكردنی فلیمی پۆرنەوە شێوازێكی تر لە تیگەیشتن بۆ سێكسوا‌لیتی دروستدەبێت. ئێستا‌ بەشێوەیەكی ناشرینتر و زەقتر ژن وەك ئامرازێك سەیردەكرێت بۆ خۆشی پیاو. بۆیە ‌ گومان هەیە سیستەمێك هەبێت كە دادپەروەرێتی تەواوی تێدابێت بەرامبەر بە ژن. ھەڵبەتە ھەندێك كۆمەڵگا لە ھەندێكی باشترن بەڵام ھیچیان ئایدیال نین.

عەقل و سەرمایەداریی یارمەتی پیاوسالارییان دا. ژن لەناو سەرمایەدارییدا بەكاڵادەكرێت. ماركس دەڵێت، سەرمایەدار سوود لە ئیشی‌ بێبەرامبەری ژن دەبینێت بۆ خزمەتكردن و تێركردنی مێردەكەی. بۆ نمونە سەرمایەدار دەیەوێت كرێكارەكەی نان بخوات تا وزەی كاری بەردەوامی ھەبێت، پاكوتەمیز بێت بۆ ئەوەی نەخۆش نەكەوێت و خزمەتبكرێت تا كارێكی باش بكات. ئەوە ژنە كە بەخۆڕایی ئەم ئیشانە ئەنجامدەدات و ناڕاستەوخۆ ئەم قازانجە دەچێتە كیسەی سەرمایەدارەكەوە‌.

ھەروەھا ژن بەكاردەهێنرێت بۆ ریكلامكردن و بۆ فرۆشتنی كاڵا جیاكان. لە پۆڕنۆگرافیادا، ژن كاڵایەكی سێكسییە بۆ تێركردنی حەز و خواستەكانی پیاو. سەرمایەداریی خۆی ئەو حەزە دروستدەكات و تێریشی دەكات. له ‌فیودالیزمیشدا كە رێكخستنێكی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و ئابووریی پێش مۆدێرنەیەیه،‌ لەرێگەی هەندێ بەهای ئایینی و شەرەفەوە كۆنترۆڵی جەستەی ژن دەكرێت.

لە واقیعدا فێمێنیزم دەبێت سكیۆلار بێت، ئەی پرۆژەی بەئیسلامیزەكردنی فێمێنیزم چۆن دەبینی؟

د.چۆمان هەردی: ئێمە پێویستمان بەوەیە گفتۆگۆ لەگەڵ فێمێنیستە ئیسلامییەكان بكەین. خەڵكی باوەڕدار رەنگە كەمتر گوێ لە فێمێنیستی عەلمانی وەكو ئێمە بگرن و زیاتر گوێ لە فێمینیستە ئیسلامییەكان بگرن. فێمینیستە ئیسلامییەكان شارەزای قورئان و شەریعەتن و هەوڵدەدەن تەفسیرێكی جیاواز بۆ ئەو دەقە ئایینیانە بدۆزنەوە كە بۆ چەوسانەوەی ژن بەكاردەھێنرێن. من بۆ خۆم شارەزاییم لەو بوارانەدا كەمە و ناتوانم وەك ئەوان لە پرۆسەی دوبارە تەفسیركردنەوەی دەقە ئاینییەكاندا بەشداربم. ئێمە كێشەمان لەگەڵ ئەو تەفسیرە باوەی ئاییندا ھەیە كە له ‌كۆمەڵگەی ئێمەدا بۆ چەوسانەوەی ژن بەكاردەھێنرێت. ئەگەر تۆ دەتوانی ئەو باوەڕە ئاینیەی تۆ هەتە بیگونجێنێت لەگەڵ مافەكانی مرۆڤ و بەتایبەت مافی ژندا ئەوا زۆر باشە. ئەگەر ئایین بۆ چەسپاندنی دادپەروەریی و یەكسانی بێت ئێمە كێشەمان نییە لەگەڵی. بەڵام ئەم ئایینە تا ئێستا چەندین فۆرمی جیاوازی بەكارهێناوە بۆ دژایەتیكردنی ژن. ھەندێ مامۆستای ئاینی لە وتارەكانیاندا ژەهر دەڕێژن دژی ژن. ئەمە چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت. مرۆڤە ئاینییەكان دەبێت خۆیان رووبەڕووی ئەم ناشرینكردنەی ئایین بوەستنەوە. هەروەكو چۆن یەك مۆدێل لە موسڵمانبوون نییە، چونكە دایكی من موسڵمانە و داعشێكیش خۆی بە موسڵمان دەزانێت، موسڵمانێكی عەرەب لە موسڵمانێكی كورد یان فارس یان ئەندەنووسی جیاوازە و لەناو خودی ئەم میللەتانەشدا چەندین مۆدێل و ئاراستەی جیاواز و پراكتیكی ئایینی جیاواز بوونی هەیە، ئاوهاش بە بۆچوونی من قورئان تێكستێكە وەك هەموو تێكستەكانی تر، زیاد لە تەفسیرێك هەڵدەگرێت. هەر ئەم واقیعە تێكستییەی قورئانە كە ئێمەی مرۆڤ بە پێی بەرژەوەندییە ئەتنی و سیاسیی و ئابوورییەكان ڕاڤەی جیاوازی بۆ دەكەین و بە فۆرمی جیا ئاراستەی دەكەین.

پۆست فێمێنزمەكان یا دژە فێمێنیزمەكان وەكو پرۆژەیەك نابینی بۆ لێدان لەم بزوتنەوەیە؟

د.چۆمان هەردی: بەڵێ رێك وایە. لە ساڵانی نەوەدەكاندا لە رۆژئاوا، نەوەیەك كچانی گەنج پەیدابوون كە بڕوایان وابوو چیتر پێویستمان بە فێمینزیم نییە. بێگومان نەوەی تازە مافی زیاتریان ھەیە لە نەوەكانی پێشوو، ھەندێكیشیان ھوشیارنین كە چەند قوربانی دراوە بۆ ئەوەی ئەوان دەرفەتی زیاتریان ھەبێت لە دایك و نەنكەكانیان، چەندەھا ژن بوونەتە قوربانی تا ئەم دەسكەوتانە بەدەستهاتووە. بەپێی تازەترین راپۆرتی ۆڵد بانك كە مانگی دووی ٢٠١٩ بڵاوبووەوە، لە سەرجەم وڵاتانی دونیادا تەنها لە 6 وڵات ژن و پیاو مافی یاسایی یەكسانیان ھەیە، ئەمەش تەنھا لەسەر ئاستی تیۆرییەوە، چونكە لە پراكتیكدا ھەندێكجار ئەم یاسایانە جێبەجێناكرێن. بە بڕوای من ئەو كچە گەنجانە كە ھێشتا بەباشی ئەزموونی سیستەمی پیاوسالارییان نەكردووە دواتر كە ھاوسەرگیرییان كرد، منداڵیان بوو و چوونە مەیدانی كاركردنەوە ئەوسا دەبینن كە چەند جیاكارییی بەرامبەر بە ژن دەكرێت.‌ ژنان لە زۆربەی جیھاندا گەر فولتایمیش كاربكەن هەر دەبێت بەشی زۆری ئەركی منداڵ بەخێوكردن و ماڵ بەڕێوەبردن بگرنە ئەستۆ. ئەم دۆخە لە رۆژئاواش تاوەكو ئەم چركەساتە ھەر بەو جۆرەیە. بۆ نمونە من و ھاوسەرەكەم پێكەوە منداڵەكەمان بەخێودەكەین، بەڵام هاوڕیی ئەڵمان و ئینگلیزم هەیە‌ كە ھاوسەرەكانیان ھیچ ئەركێكی لەمجۆرە ناگرنە ئەستۆ، وەك ئەوەی ئەمە تەنھا ئیشی ژن بێت. كچانی گەنج دواتر بۆیان دەردەكەوێت كە ھەرچەندە بڕوانامەی بەرز و توانی زۆریان هەبێت، بەڵام لە بواری كاردا وەكو پیاو گەشەناكەن و پێشناكەون. با ئەم گەنجانە بەر سەقفە شوشەییەكان بكەون و ئەزموونی بەربەستی نەبینراو بكەن ئەو كاتە تێدەگەن هەڵەن، تێدەگەن كە ئەو كۆمپانیا، حیزب یا دەوڵەتانەی ئیدیعای یەكسانیی دەكەن چەندە جیاكاریی بەرامبەریان دەكەن.

بۆ فەلسەفە بوو بە چەكێكێك بۆ لیدان لە ژن؟

د.چۆمان هەردی: لە ساتەوەختێكی مێژووییدا بارودۆخێكی كۆمەڵایەتیی دروستبوو و كە پیاو گەمەی دەسەڵاتی بردەوە. هۆكاری ئەم بردنەوە یەكلانەبووەتەوە، بەڵام رەنگە بەهۆی توانای منداڵبوونی ژنەوە بێت كە بۆ ماوەیەكی كاتی ژنی بە منداڵی بچووكەوە سەرقاڵدەكرد و پیاو ئازادی زیاتر بوو. تا ئێستا تیۆرییەكی یەكلاكەرەوە نییە لەم بوارەدا. دوای سەردەستبوونی، پیاو ھەوڵیدا وا پیشانبدات كە ئەمە دەرەنجامی قۆناغێك یان رێكەوتێكی مێژووی نەبووه، ھەوڵیدا بیسەلمێنێت كە ئەمە هەر وا بووه و ھەر واش دەبێت، چونكە دەسەڵاتداریی مافێكی سروشتی ئەوە. پیاو بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆی و كردنی بە ئەمری واقیع‌ چەندین ئارگومێنتی‌ مێژوویی، فەلەسەفیی‌، بایەلۆجیی، سایكۆلۆجیی و ئایینیی دروستكرد. بۆ نمونە فرۆید كە باوكی دەروونشیكارییە‌ تێڕوانینەكانی كارەساتە بەرامبەر بە ژن، پێیوایە ھەموو كچێكی منداڵ ئیرەیی بە كوڕی منداڵ دەبات، چونكە كوڕ چووكی ھەیە، ئەمەشی ناونا چووك-ئیرەیی. لە زۆرینەی فەلسەفە و نووسین و شیكارییەكانی پیاودا، پیاو نمونەی مرۆڤە‌ و ژن ئەوی تره. سیمۆن دو بۆڤواری فێمینیست دەڵێت، مادام پیاو خۆی بە ناوەند و ژن بە ئەوی تر دەزانێت، دەبوایە ژنیش خۆی بە ناوەند و پیاو بە ئەوی تر بزانێت. بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە ژن (ھەر وەك پیاو) پیاو بە ناوەند دەزانێت و خۆی بە ئەوی تر. له ‌مێژوودا ژن خۆی بە ناوەند نەزانییوه، پیاویش ‌ھەمیشە كاری لەسەر ئەوە كردووە كە لە رێگای كەلتوور، ئایین، فەلسەفە و ئەدەبەوە باوەڕ بە ژن بھێنێت كە شوێنگەی نەوی خۆی قبووڵبكات، خۆی بە ئەوی تر بزانێت لە بەرامبەر پیاودا وەك ناوەند. ئەم پرۆسەی پەسەندكردنە‌ پرۆسەیەكی دوور و درێژبووه و زۆر ئیشی لەسەر كراوە تا وایكردووە ژنێكی زۆر ئەو بیروباوەڕە قبوڵبكات و وەكو حەقیقەت تەماشای بكات، نەوەك میكانیزمیك بۆ شاردنەوەی گەمەی دەسەڵات و سەردەستەیی پیاو.‌ 
سەرچاوە/ ئاوێنە

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.