سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئەو ژنەی بەرامبەر هەموو فەیلەسووفەكان وەستایەوە

10/02/2020


ڕەنگە پێمان وا بێت، داكۆكیكردن لە مافی ژنان و بانگەشەی فیمینستەكان و پەیامی یەكسانیی جێندەری، بابەتێكی نوێ بن لەناو گەلاندا، وێڕای ئەوەی ئەگەر بە شێوەیەكی بەرفراوان ئەم زانیارییە باس بكەین، ڕەنگە ڕاست بێت، بەڵام مانای ئەوەیش ناگەیەنێ لە سەردەمەكانی پێش دروستبوونی ئەم تەوژمانەی بۆ مافی ئافرەت دروست بوون، كەسانی وەك ماری ئەستل نەبووبن. ماری كێیە؟

ئەگەرچی زۆر ناوەكەی بەربڵاو نەبووتەوە، بەریتانییەكان پێیان وایە، ماری ئەستن یەكەم ژنە كە پەیامی فیمینزمی بەرز كردبێتەوە و بیرۆكەكانیشی هەمووی نووسیبێتەوە و بەرەنگاری فەیلەسووفەكانی سەردەمی خۆیشی بووبێتەوە.

ماری بە زمانێكی قووڵ و سەرنجڕاكێش و سڕكەر، دۆخی كۆمەڵایەتی و ناهەمواری ژنانی سەردەمی خۆی نووسیوە كە تەنانەت لە مافی فێربوونی نووسین و خوێندنەوەیش بێبەش كراون و لەلایەن باوك و پاشان مێردەوە سەرپەشتیی كراون و بە ستایشی فیروخوازانە وەك دەستەواژەی "ڕەگەزی ناسك" یان "ئێوە خوا ئیشێكی گەورەتری پێ سپاردوون كە بەخێوكردنی منداڵ و بەڕێوەبردنی ماڵە" ناچار كراون لە ماڵەكاندا گیر بكرێن. ماری لەو سەردەم و ژیانەدا گەورە بووە، كەچی توانی بە كۆششی خۆی و كۆڵنەدانەكانی ببێتە فەیلەسووف و ڕێنمایكارێكی گەورە و نووسەرێكی بەسەلیقە و ئەو ناسناوەیشی پێ ببڕێ كە یەكەم ژن بووە بە قەڵەم و بۆچوونەكانی یەكسانیی ژن و پیاوی بڵاو كردووەتەوە.

ماری ئەستل، ساڵی 1666 لە شاری نیوكاسڵ لەدایك بووە، لە خانەوادەیەكی ناسراوی پلەناوەند بووە كە بازرگانی ڕەژوو بوون. هەرگیز نەنێردراوەتە بەر خوێندنی فەرمی، بەڵام بەهۆی ئەوەی مامێكی قەشەی هەبووە، لە ماڵەوە فێری خوێندنەوە و نووسینی كردووە. ساڵی 1678 كاتێك هێشتا 12 ساڵان بووە، باوكی دەمرێ، ئەمەیش بۆی دەبێتە گەورەترین كارەسات و كاریگەریی دەروونیشی لێ دەكات. لەو كاتەوە لەگەڵ دایكی لە ماڵی مامی دەژین. دوای ساڵێك، مامیشی دەمرێ، ئەمەیش واتە چیتر كەس نییە دەستی بگرێ و هیچ هیوایەكیشی نامێنێ. بەڵام ئایا ماری كە ئێستە تەمەنی 13 ساڵە، وازی هێنا؟

رۆت پێری كە بۆ یەكەم جار ساڵی 1986 كتێبێكی لەسەر ژیانی ماری نووسیوە پێی وایە، دوای مردنی مامی كە ئیتر هیچ پیاوێك لەناو ماڵیاندا نامێنێ، هۆكار بووە بۆ ئەوەی ئەو بۆچوونانەی بۆ دروست ببێ كە ژنیش دەتوانێ بەبێ ئەوەی پشتی بە هێز و بازوو یان ئەقڵی پیاو ببەستێ، هەموو كارەكانی بكات، بگرە بۆ ئەوەی بە ڕاستی بیسەلمێنێ بەڵێ دەتوانێ هەموو كارێك بكات، خۆی ناچار كرد ببێتە خوێنەوارێكی گەورە تا لە دواییدا بوو بە فەیلەسووفێكی ناوداریش. لە سەردەمێكدا فەلسەفە و فیكر كارێكی پیاوانە بووە و ژن تێیدا دوور بووە.

دوای ئەوەی تەمەنی دەگاتە 20 ساڵ، دایكیشی دەمرێ، دواتر پووریشی دەمرێ، بەم شێوەیە هیچ پشتوپەنایەكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی نامێنێ و بە تەواوی بەو تەمەنە كەمەوە بەرپرسیارییەتیی ژیانی هەمووی دەكەوێتە ئەستۆی خۆی. لە تەمەنی 22 ساڵیدا ئەم كچە بەهێزە وێڕای ئەو هەموو كۆستەی تووشی هاتووە بۆ ڕزگاربوون لە كۆسپەكان، بڕیار دەدات بچێتە لەندەن، ئەمەیش بۆ كچێكی لەو تەمەنە و بۆ ئەو سەردەمە، بڕیارێكی ئاسایی نەبووە. ڕەنگە كچانی تری هاوتەمەنی بە ئاسانی نەیانتوانیایە بڕیاری ڕۆیشتن بۆ گەڕەكی ئەودیویش بدەن. ئەرێ بەڕاست، بۆ هێشتا لەناو زۆر خانەوادەی كوردستان وا نییە؟ هێشتا هەزاران ماڵی وامان نییە، نایەڵن كچەكەیان بۆ ڕۆیشتنی زانكۆش سواری پاس ببن؟

ئەگەر ماری پیاو بوایە بەو زیرەكی و لێهاتووییەی هەیبوو، هەموو دەرگەیەكی بەرز و باڵای خوێندنی بۆ دەكرایەوە، گوتەكانی پیرۆز دەكرا و بە دەیان بەرگ كتێبی بڵاو دەبوونەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ژنە و سەردەمەكەش سەدەی حەڤدەیە، هەموو ئەو شتانە ئەستەمن.

بە ماوەیەكی كورت، دوای ئەوەی ماری گەیشتە لەندەن، چووە ناوچەی چێڵسی كە زیاتر هونەرمەندان و بیرمەندان و خانەوادە زەنگینەكانی لێ دەژیان. لەوێ هاوڕێیەتیی كۆمەڵێ ئەدیبی كرد و بەهۆی ئەوەی هزرێكی فیمینستی هەیە، لەنێویاندا زیاتر لە كاترین جۆنز نزیك بووەوە و بووە ئەندام لە یانە ئەدەبییەكەیدا.

لێرەوە وردەوردە ماری توانی خۆی دروست بكات، هەر لەڕێی پێوەندییەكانییەوە، تا دەگاتە بڵاوكردنەوەی شیعر و نووسین و تەنانەت نامەكانیشی كە بەشێكن لە ئەرشیفی گرنگی ئەو. ماری وێڕای ئەوەی بۆ چینی هەژار و عەوامی دەنووسی كە لەو سەردەمەدا نووسین بۆ ئەو چینە عەیبە بوو، ئەگەر ژنێكیش وای بكردایە بە لادراوی سێكسی و زۆر تۆمەتی تر لەقەڵەم دەدرا، بەڵام ئەم بە پێچەوانەوە، لەلایەن ئوستوقراتییەكانەوە هێشتا دەخوێندرایەوە و ڕێز لە نووسینەكانی دەگیرا.

كاتێك تەمەنی دەبێتە 27 ساڵ، نامەیەك بۆ "جۆن نۆریس" دەنێرێ كە پیاوێی گرنگی "گرووپی ئەفلاتوونییەكانی كامبریج" بووە، لە نامەكەدا ڕەخنە لە بۆچوونەكانی دەگرێ و بەم شێوەیە نامەیەكی زۆر لە نێوانیاندا دروست دەبێ و بەناچاری نۆریس ددانی پێدا دەنێ كە هزری ماری جێی سەرنجە، بەوەیش نەوەستا، دواتر نامەكانی نێوان خۆی و ماری بڵاو كردەوە.

ماری بەوە ناوبانگی دەركرد، كە ڕەخنەی لە پیاوە بیرمەندە گەورەكان دەگرت، بە شێوەیەك بووبووە ڕكابەری سەرسەختی هەموویان و كەس نەما بە زنجیرەنامە ڕەخنەبارانی نەكات، وەك تۆماس هۆبز، جۆن لوك، دانیێل دیڤۆ، چارلز دافینانت و زۆری تر.

دوای ئەوەی ڕكابەرییە سیاسی و فەلسەفییەكانی ماری بەرانبەر فەیلەسووفە ناودارەكانی وڵاتەكەی گەیشتە لووتكە و ناوبانگێكی زۆری لە وڵاتدا پەیدا كرد، كاتی ئەوە هات هزرە فیمینزمەكانی بڵاو بكاتەوە و بە ڕوونی داوای یەكسانیی جێندەری بكات، داوای دەكرد هەموو ڕێیەك بۆ خوێندنی ژنان بكرێتەوە و لەو مافە بێبەش نەبن. شەش كتێبی بچووك و دوو كتێبی گەورەی لەسەر خوێندن، سیاسەت، فەلسەفە وئاین نووسی و لە هەموویاندا خاڵی زەق بریتی بوو لە یەكسانیی ژن و پیاو. یەكێك بوو لەوانەی قبووڵی نەبوو خوا نێر بێت. هەمیشە دەیگوت دەبێ نە نێر بێت نە مێ، یان هەردووكیان. بۆیە هەموو دەستەواژەكانی لە دەقە ئاسمانییەكاندا هەبوو كە ڕەگەزی نێر بۆ خوا بەكار دەهێنن، بە ڕاستی نەدەزانین.

ماری بۆچوونی خۆی لەسەر هاوسەرگیری هەبوو، لە ساڵی 1700 كتێبێكی سەبارەت بە هاوسەرگیری بەگشتی نووسی و تێیدا ئاماژەی بەوە دا ئەوەی ڕوو دەدات هاوسەرگیری نییە، گرێبەستێكە لە نێوان باوكی و مێردەكەی و ئەم تەنیا لە خزمەتی ماڵێكەوە بۆ ماڵێك دەگوازرێتەوە، پێویستە ژنان ئاقڵانە بیر لەو پرۆسەیە بكەنەوە و نەیەڵن لەجیاتیی ئەوان كەس بڕیار بدات. ئەم جۆرە گوتانەی ئەو نووسەرە بۆ سەردەمی خۆی، گەورەترین شۆڕ بوون.

لە كتێبەكەسدا نووسیویەتی: "ژن، بەرانبەر ئەو پیاوی سێكسی لەگەڵ دەكات، هیچ ئەركێكی گەورەی لەسەر نییە، هیچ هاندانێكی ئەوەندە دڵخۆشكەریش نییە تا حەز لەو هاوسەرگیرییە بكات، واتە دەبێ چ دڵخۆشییەك و پلەبەرزییەك بێت، كاتێك دەبێتە سەرۆكی كاركەرەكانی ماڵ؟ پیاوان وا دەزانن بەمە هەموو مافە شایستەكانی ژنیان پێ بەخشیوە. ئایا ڕۆڵی ژن و پەیامەكەی لەم ژیانەدا هەر ئەمەیە. ئەی ناكرێ ئەم پێوەندییە بە شێوەیەكی ڕاست بێت، بۆ ئەوەی هەردووكیان (ژن و مێرد) لە یەك ئاستدا بن؟."
سەرچاوە/ وشە

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.