عومەر عەبدوڵڵا دەرهێنەری شانۆی “وەرن ببین بە سەگ” لە چاوپێكەوتنێكدا باس لە ئامانجی شانۆگەریەكەیان دەكات لەوەرزی شانۆی گەرمیاندا پێشكەشكرا، جەخت لەوە دەكاتەوە كە سووكایەتییان بەكەس نەكردووە.
عومەر عەبدوڵڵا دەڵێت “تەنها رەخنەمان گرتووە لەو مەلایانەی كە ناوی ژنان و كچانمان دەزڕێنن”.
عومەر عەبدوڵڵا ماوەی (15) ساڵە كاری دەرهێنەری دەقە شانۆییەكان دەكات، ئێستا فەرمانبەرە لەگەرمیان و تائێستا كاری بۆ زیاتر لە (18) كاری شانۆیی كردووە
شانۆی "وەرن ببین بە سەگ" دەقەكەی لە نووسینێكی قوبادی جەلی زادەوە وەرگیراوە بەدەستكارییەوە.
هەفتەی رابردوو شانۆكە لەگەرمیان پێشكەشكرا، بەڵام كاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێناو دواتر لقی گەرمیان یەكێتی زانایانی ئاینی كوردستان سكاڵایان تۆماركرد لەسەر دەرهێنەرو هەردوو ئەكتەری سەرەكی شانۆكە.
عومەر عەبدوڵڵا وتی"كلتوری ئێمە لەئازادی و رادەربڕین هەمیشە كپكراوە".
عومەر عەبدوڵڵا رەخنە لەهەندێك لەو مەلایەنە دەگرێت كەهێرشدەكەنە سەر خەڵكی و ژنان و هونەرمەندان و بەكێشە ناوی دەبات و دەڵێت "ئەم كێشانە لەمێژەوە لای ئێمە هەر بووەو هەبووە، گۆرانیەكەی ماریا هەورامی، كە ناوزڕاندنێكی زۆر خراپی لەبەرامبەر كراو هەر دوای خۆی داوای لێبوردنی لێكرد، ئێمە قسەمان لەسەر ئەوەیە كە با ئەو بێحورمەتیە هەر نەكرێت نەك دواتر داوای لێبوردن بكرێت".
شانۆی «وەرن ببین بە سەگ» باسی چی دەكات؟
عومەر عەبدوڵڵا: ئەم دەقە شەش ئەكتەر بەشداریی تێدا كردووە باس لەكۆمەڵگە دەكات كەئەم هەموو نەهامەتیە و دەردەسەرییە تووش بووە بۆ بمێنینەوە، واتە ئینسان پەنای بردۆتەبەر ئەوەی ببێت بەئاژەڵ كەئەمە واتە هیچی تێدا نەماوەتەوەو لێوان لێو بووەو پڕ بووە لەئازارەكان وەك ئەوەی خەڵك تیرۆر دەكرێت، خەڵك ئەتك دەكرێت، دەستدرێژی سێكسیی دەكرێت، ئێمە ئەم نەهامەتیانەمان كۆكردۆتەوە، وتاری یەكێك لەمەلاكانمان بڵاوكردۆتەوە، ئەم دەقە لە 22مین فیستیڤاڵی گەلاوێژدا بڵاوبۆتەوە، لەبەرچاوی هەموو میدیاكانداو هیچ كێشەی نەبووە، باس لەو نەهامەتیەو دەردەسەریانە دەكات كە ئەمڕۆ تووشی كۆمەڵگە دەبێت و گرفتی كۆمەڵگا بووە، كەهەندێك خەڵك هەیە لەمینبەرەكانەوە ناوزڕاندن دەكەن، بەڕای من كە لەدینی ئیسلامدا بەو شێوەیە ناوزڕاندن نەكراوە، هەڵبەتە بۆ لەكەداركردنە.
لەناوەرۆكی دەقەكەدا باس لەمەلای ریشدار دەكرێت؟ ئایا ئەمەتان بەمەبەست بەكارهێناوە یان بێ مەبەست؟
عومەر عەبدوڵڵا: ئیشەكە واتە ئەو مەلایانە بووە كەبەو جۆرە تەعبیر لەو ئیشانە دەكەن، ناوزڕاندن دەكەن و هەر رۆژەی ئافرەتەكانمان دەكەن بەشتێك، باس لەكچانی پەیمانگای هونەرە جوانەكان دەكرێت كە لەشفرۆشن و زۆر شتی تر، بەڵام ئێمە هیچ ئیشێكمان بەمەبەست نەكردووەو بەرامبەر هیچ كەسێك هیچمان نیە، تەنیا ویستوومانە پەیامێك بگەیەنین.
بۆ شانۆییەكە سڕكرا؟
عومەر عەبدوڵڵا: دەقەكەمان تەواوكردو خەڵاتكراین، دوای سێ بۆ چوار كاتژمێر دواتر لەلایەن بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیانەوە ئیشەكە سڕكراو لە بەرنامەماندا بوو رۆژانی تر شانۆییەكە پێشكەشبكرێت، لەئێستادا لەلایەن وەزیری رۆشنبیرییەوە سڕكردنەكە لابراو لەماوەی (24) كاتژمێردا هەڵوەشێندرایەوە، دەتوانین ئیشەكانمان بكەین.
بەڕێزتان وەك دەرهێنەر بۆ لەبەرامبەر راگرتنی شانۆییەكە داوای لێبوردنتان كرد؟
عومەر عەبدوڵڵا: داوای لێبوردنەكەم بۆ ئەو كەسانە بووە كە بەناوزڕاندن تێگەیشتوون، چونكە من بەناوزڕاندن و بەكێشەی كەسی ئەم كارەم نەكردووەو نە بەدینیش كارم نەكردووە لەسەری، لەو كەسانە داوای لێبوردنم كردووە كەشعوریان بریندار بووەو تێنەگەیشتون لەكارەكە.
پەرلەمانتارێك باس لەوە دەكات كەئەو دەقە شانۆییە ناوزڕاندنی تێدایەو ناوزراندنە؟رای بەڕێزتان چییە؟
عومەر عەبدوڵڵا: ئێمە بەهیچ شێوەیەك ناوزڕاندنمان نەكردووە، ئەوەش روونە، چونكە وەزارەتی رۆشنبیری خۆی پەیوەندیدارە بەهەموو كارەكان، دەشزانێت شانۆ واتە رەخنەو واتە شتە كۆمەڵایەتیەكان بە رەخنە بخاتە بەردەست خەڵك، چونكە ئەگەر شانۆ رەخنەی تێدا نەبێت واتە هیچ نیە.
لەئێستادا بەو پێیەی سڕكردنەكە هەڵوەشێندراوەتەوە؟ دەتانەوێت دووبارە شانۆییەكە نمایش بكەنەوە؟
عومەر عەبدوڵڵا: ئەم شانۆییە چونكە تۆزێك هەرایەكی ناوەتەوەو خەڵكی پێ بریندار بووە، شتێكیش كەخەڵكی پێی بریندار ببێت، نەخێر نمایشی ناكەینەوە.
بەگشتی پێت وایە تاچەند كلتوری ئێمە رێگە بەهەندێك شت نادات كەتەنانەت وەك نمایشیش دەرببڕدرێت؟
عومەر عەبدوڵڵا: كلتوری ئێمە لەئازادی و رادەربڕین هەمیشە كپكراوەتەوەو هەمیشە قەتڵوعامی ئەو كارانەو ئەو بیرو ئایدیایانەی كە رۆشنفكرن كراوەو هەمیشە كۆت و بەندێكیان بۆ دروستكردووە، كلتورەكەی ئێمە رێگرە لەكۆمەلێك شت هەر بۆیە رەخنە هەیەو دەگیرێت، چونكە كەكلتورەكە رێگەی بەهەموو شتێك بدایە بۆ رەخنەبوونی دەبوو لەكلتوری ئێمەشدا رەچاوی هەندێك بكەین بۆ ئەوەی كارەكان بەجوانی بچێتە ناو خەڵك.
پێتوانییە بتوانین بگەینە ئەو ئاستەی بەئازادی هەموو فكرێك بگەیەنیین چ لەگەرمیان یان لەهەرێمی كوردستان؟
عومەر عەبدوڵڵا: ئیشەكە تەنیا لە گەرمیان نیە، بەڵكو لەتەواوی كوردستاندا ئەو بابەتانە هەیەو گەرمیان بەتەنیا نیە، چونكە گەرمیان بەرخودانێكی جوانی كردووە، تیرۆركردنی ئەم دواییەی چەند پێشمەرگەیەك لەلایەن داعشەوە كەئەمە بەرخودانە، ئەوەش هەیە شتێك هەیە پێی دەوترێت تێنەگەیشتن لەئاست فۆرمدا، بۆیە دەكرا دانیشیت لێكتێگەیشتنێك هەبوایە، چونكە ئەو جوێنانەی بەرامبەر ئێمە كراوە ئەوە كوێی لەئایندا بوونیان هەیە؟
وەزارەتی ئەوقاف ئایا كێشەی هەیە لەگەڵ ئێوەدا بۆ نمایشكردنی ئەم دەقە شانۆییە؟
عومەر عەبدوڵڵا: وەزارەتی ئەوقاف هیچ كێشەی نەبووەو تەنیا سكاڵایان لەسەر كردووین لەسەر كۆی دوو ئەكتەرو دەرهێنەرەكە، واتە زیاتر لەدوو ئەكتەرەكە بووە كە پێیانوایە نەدەبوو ناوزڕاندنیان بكردایە، واتە لەكۆی دەقەكە، بۆیە ئێمە دەچینە بەردەم دادگاو ئێمە دادگامان كردووە بەسەروەری خۆمان.
لەسەر دەقەكەو ئەو هەرایەی كەدروستی كرد تاچەند ناهەقی بوو بەرامبەر ماندوبوونی ئێوە وەك دەرهێنەر؟
عومەر عەبدوڵڵا: دەمەوێت تەنیا بڵێم ئێمە هیچ ناوزڕاندنێكمان نەكردووە، هیچ سوكایەتیەكمان بەرامبەر هیچ كەس نەكردووە، تەنیا ویستومانە لەسونگەیەكی بچووكەوە رەخنەمان گرتووە لەو مەلایانەی كەهەموو رۆژێك ناوزڕاندن بەژنان و كچانمان دەكەن، كە لەپەیمانگا و ناوەندەكاندا دەخوێنن، كە بەهەموو مانایەك رێگرتنە لەئازادی و پرەنسیپەكانی جوانی هونەر.
بەگشتی ئەم دواییە زۆر كێشە لەنێوان مامۆستایانی ئاینی و رێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵی مەدەنی روویدا رای بەڕێزتان لەسەر ئەم حاڵەتانە چییە؟
عومەر عەبدوڵلا: ئەم كێشانە لەمێژەوە لای ئێمە هەر بووەو هەبووە، گۆرانیەكەی ماریا هەورامی، كە ناوزڕاندنێكی زۆر خراپی لەبەرامبەر كراو هەر دوای خۆی داوای لێبوردنی لێكرد، ئێمە قسەمان لەسەر ئەوەیە كەئەو بێحورمەتیە هەر نەكرێت نەك دوای داوای لێبوردن بكرێت، واتە ئێمە دەمانەوێت هەر نەكرێت، چونكە هەر بكرێت و دوایی داوای لێبوردن بكرێت ئەوە دەبێتە فەوزایەكی خراپ، بۆیە پێویستە ئێمە ئەوە بخوڵقێنین كەبتوانین پێكەوە بەجیاوازییەكان و بەهەموو ئایدیاكانەوە پێكەوە بژین.
سەرچاوە/ هاوڵاتی