سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

سپینۆزای مەزن: یەکەمین فەیلەسوفی سیکۆلار

15/06/2020


مدخل إلى التنوير الأوروبي : د. هاشم صالح
و : چێنەر فوئاد

بێگومان سپینۆزا خاوەنی گەورەترین (عەقڵ) بوو لەنێو هەموو فەیلەسوفە دیکارتیەکانی سەدەی حەڤدە کە سەریان هەڵدا ، بەڵکو لە خودی (دیکارت)یش عەقڵانیتر و بوێر تر بوو ، چونکە دیکارت نەیتوانی سنوری میراتی ئایین و پیرۆزکراوەکان تێ پەڕێنێت و بیخاتە ژێر ڕکێفی گومانەوە ، بەڵام سپینۆزا حورمەت و پیرۆزیەکانی ئاینی (یەهودیەت - مەسیحیەت)ی بەتەواوی تێک شکاند ، ئەمەش بووە هۆی چاندنی ترس و توڕەیی هاوسەردەمانی خۆی ، وای لێکردن وەک کەسایەتییەکی مولحید و بێدین بیناسن و بیناسێنن . بیر و ڕاکانی (بە تێگەشتنی ئەوان) دەبێتە هۆکاری وێرانکردنی بنەماکانی ئاین و ئەخلاقی کۆمەڵگا و سیستەمی دەوڵەتداری !

لەبەر ئەوە پیاوانی ئاینی هەڵمەتێکی گەورەیان ڕاگەیاند دژی سپینۆزا ، بەتایبەت پاش نوسینی پەرتوکی( پەیامێک دەبارەی ئاین و ڕامیاری) ئەم کتێبە بووە هۆکاری وەڵامدانەوە و کاردانەوەیەکی ئێجگار توند و بەربڵاو ، ئەوەش لەبەر ئەوەبوو سپینۆزا لەم پەرتوکەدا وێناگەلێکی زۆر جیاوازتر لە تێگەشتنی پیاوانی ئاینی و تێکڕای ئیمانداران باس کردبوو لەهەمبەر ئاین ، ئەوەی بووە هۆی زیاتر بوونی ڕق و توڕەیی ئەوان ئەو وێنایە بوو دەربارەی (خودا) کە سپینۆزا لە پەرتوکە بەناوبانگەکەی ئەخلاق (etica) باسی لێوە کردبوو.

بە بۆچونی سپینۆزا خودا خودی سروشتە، بەڵکو ئەو یاسا سروشتی و زانستیانەیە کە لە سروشت و مادەدا ڕوو ئەدەن ، خودا خودی گەردوون و هەموو ئەوانەشە کە لەناو گەردووندا هەیە ، ئەم تێگەشتنەی سپینۆزا بۆ یەک جەوهەری وجوود (panthesim)هەرچەن کاریگەری کەسایەتیە عیرفانیەکانی پێش خۆی پێوە دیاربوو ، بەتایبەت بیر و ڕاکانی عاریفی ناوداری ئیسلامی(محیدین ابن عربی) ، بەڵام یەک جەوهەری لەلای سپینۆزا ڕوانینێکی تەواو فەلسەفی و عەقڵانی و زانستی بوو نەک تێکهەڵکێشان بێت لە ڕۆحانیەت و ئاین ، بۆیە ئەم وێناکردنە نامۆیەی سپینۆزا بووە هۆی دژایەتی کردنی ئەوروپای مەسیحیەت و پشتگوێ خستنی بیر و ڕاکانی بۆ ماوەی سێ سەدە ، تەنانەت لەسەردەمی خۆیدا چەندین جار هەوڵی کوشتنی درا و جارێکیش بە چەقۆ بەسەختی بریندار کرا.

 لە 27 یولیۆی ساڵی 1656 لە کلێسای لاهووتی ئەمستەردامەوە فەتوایەکی توند و دڵڕەقانە دەرچوو لەبارەی ئەم فەیلەسوفەمان ، لە ڕێنوسی ئەم فتوایەدا هاتبوو:

" بەناوی خودا و هەموو فریشتە و قدیسەکانەوە ڕایدەگەیەنین کە ئێمە بەهەموو شێوەیە بەریئین و نەفرەت ئەکەین لەو کەسەی بانگ ئەکرێ بە (سپینۆزا) ، نەفرەتی لێ بێت بەڕۆژ ، نەفرەتی لێ بێت بەشەو ، نەفرەتی لێبێت لەکاتی نوستنیدا ، نەفرەتی لێبێت ئەو کاتەیش کە هەڵدەسێت لەخەو ، هەروەها ئێمە بەهەمووان ڕادەگەیەنین کە ئیتر حەرام و قەدەغەیە بۆ هەرکەسێک بیەوێت هەرجۆرە پەیوەندیەک لەگەڵ ئەم موڕتەدەدا ببەستێت ، یاخود هەر جۆره پشتگیریەکی بکا ، تەنانەت بۆیشی نییە لەژێر یەک سەقفدا لەگەڵیا بمێنێتەوە ، یاخود هیچ کتێب و نوسراوێکی ئەم کافرە بخوێنێتەوە ، لەم ساتەوە بێبەش ئەکرێ لە مافی وەرگرتنی میرات و ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری."

بەڵام سپینۆزا زۆر بە ژیری و ئارامیەوە بە هەموو ئەوانەی ئەوت کە دژایەتیان ئەکرد :

" وای دابنێن من تەنها مرۆڤێکم ، وا بمبینن من تەنها هاونیشتیمانیەکی سادەم ، تەماشای بنەچە و ڕەگەز و ئاین و مەزهەبم مەکەن ، چونکە من پێش ئەوەی هیچ شتێک بم مرۆڤـم ، من بۆخـۆم و بەویستی خۆم هیچ دینێکم لە نێو ئاینەکان هەڵنەبژاردووە ، ئێوە خۆتان ئاینتان بۆ من دیاری کردووە ، چونکە کاتێ لەدایک بووم هیچ کەسێ منی سەرپشک نەکردووە کە یەهودیەت هەڵبژێرم یان مەسیحیەت ، کاسۆلیک بم ، یان پرۆتستانتی ، یا هەر ئاینێکی تر."

بەم شێوەیە سپینۆزا بە ساڵانێکی زۆر پێش سەردەمی حەداسەت و ڕووناکی جەختی لەسەر مافی هاوڵاتی بوون و ئازادی هەڵبژاردنی بیروڕا و ئاین کردۆتەوە ، بێ گومان ئەتوانین بڵێین سپینۆزا یەکەمین فەیلەسوفی (سیکۆلارە). لە مێژووی فکری بەشەریدا ، لەبەر ئەوەبوو نامۆ بوونی لەسەردەمی خۆیدا دەگمەن بوو ، تەنهایی و گۆشەگیربوونێکی ئێجگار تاڵ و تاقەت پڕوکێنی بەڕێکرد ، بۆیە سپینۆزای مەزن هەتاوەکو مردیش هیچ هاودەم و هاوسەرێکی ئەنیسی نەبوو ، جگە لە فەلسەفە!

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.